کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری "کالمار"ی سوئید بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شهممه، ٣٠ی سەرماوەز، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "کالـمار" لە وڵاتی سوئید، بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنەکانی شەوی "یەلدا و" ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان"، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان "محەممەد ڕەسووڵی"، وەک بەرپرسی کۆمیتە، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی لەو شارە پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پێشمەرگە دێرینەکان، "عادل دودکانلوو"، "محەممەد ڕەسووڵی"، "ئەبووبەکر ڕەحمانی"، "لەتیف خالدی" و "بەختیار کۆیی" بە گێڕانەوەی بیرەوەریی ڕۆژانی سەنگەر، کەشێکی تایبەت و خۆشیان بەخشیە کۆڕەکە.
بڕگەیەکی تری ڕێورەسمەکە، گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەی بەشداران بوو سەبارەت بە "شەوی چلەی کوردەواری" و گرینگیی بەرزڕاگرتنی، کە "جەلال ئەلیاسی"، بە پرسیار لە بەشداربووان بەڕێوەی برد.
کۆتا بڕگە پێشکهشکردنی شاخە گوڵی ڕێز و وەفا بە پێشمەرگە دێرینەکان بوو، کە لە لایەن بەتەمهنترین بەشداربوو "حاجی عەزیز ئەلیاسیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.
ناوئاخنی بەرنامەکان بە کلیپ و سروودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی کە لە لایەن "کارزان ئەشرەفی" ئامادە کرابوو، ڕازێندرابووەوە.