کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، سێمینارێکی ڕێزلێنان لە سوئید بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە ڕۆژی كەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێراندا، سێمینارێكی ڕێزلێنان لەو توێژە شۆڕشگێڕەی حیزب و نیشتمان لە شاری ''ئیسكیلستونا''ی سوئید بەڕێوە چوو كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی تێدا بەشدار بوو.
سەرەتای سێمینارەكە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێكرد.
''عەزیز مورادپەرست'' بەرپرسی ڕێكخستنی حیزبی دێموکرات لە سوئید و بەڕێوەبەری کۆڕەکە، بە خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەك بۆ گیانی پڕ لە ئازاری كەمئەندامان، دەرگای كۆڕەكەی بە ڕووی بابەتەكەدا كردەوە.
دواتر پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئید لەلایەن ''مەولوود عەبدیلزادە'' بەرپرسی كۆمیتە پێشكەش كرا و تیشكی خستە سەر ڕووداوە مێژووییەكانی گەلەكەمان و دیاریكردنی ڕۆژی كەمئەندامانی بە گرینگ ناو برد.
لەو سێمینارەدا "عارف عەزیزی" هونراوەیەکی پێشکەشی کەمئەندامان کرد.
دواتر سەید ''عەلی هاشمی'' كە خۆی كەمئەندامی حیزبی دێموكراتە، لە وتارێكی كورتدا سپاسی بەسەركردنەوەی كرد و هیوای خواست ئەو ڕێزلێنانە سەرجەم ئەوانە بگرێتەوە كە جەستەی خۆیان پێشكەشی خەبات و ئازادی كردووە.
لەو سیمینارەدا مامۆستا مەلا ''حەسەن شیوەسەڵی'' لەگەڵ یادكردن و ناردنی سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی كوردستان، باسێكی كورتی لەبارەی چۆنێتیی تێرۆركرانی خۆی لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێرانی كرد، هەر ئەو ڕووداوەی كە بووە هەوێنی دامەزرانی ڕۆژی كەمئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
ناوبراو لە باسەكەیدا زۆر بەجوانی ڕووى دزێوی دوژمنی وێنا كرد و داوای كرد ڕۆژی كەمئەندامانی حیزب دەرفەتێك بێت تا بتوانین لە ئاستی نێودەوڵەتیش ڕێژیمی ئێران ڕیسوا بكەین.
ناوبراو باسی لە ئازاری ژیانی كەمئەندامان كرد و ڕوونی كردەوە چەندین جۆر كەمئەندام بوونی هەیە كە پێویستە لە داهاتوودا هەموویان بە گرینگ وەربگرین، بۆ نموونە كەمئەندامی كۆڵبەر یان ئەوانەی بەهۆی خۆپێشاندانەكەی دوایی لە ڕاپەڕینەكانی نێوەخۆ دژی ڕێژیم كەمئەندام بوونە.
دواتر ''ئەحمەد عەزیزی'' كە فەرماندەیەكی دیاری حیزبی دێموكرات بووە لە قسەكانیدا كەمئەندامانی بە شەهیدی زیندوو ناو برد و پەردەی لەسەر پیلان و تاوانەكانی ڕێژیمی ئێران دژ بە خەڵكی كورد لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق لادا.
كۆڕگێڕ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە ئەگەر حیزبی دێموکرات نەبوایەت، وزە و هێزی مرۆیی لە كوردستانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە بەرەو دۆخێكی نالەباری مرۆیی و سیاسی دەچوو، بەڵام گەلی کورد پشتی حیزبی دێموكراتی بەرنەدا و حیزبی دێموكراتیش لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا بوو.
دواتر ''محەمەد عەلی عینایەتی'' ئەندامی پێشووی كۆمیتەى ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران ڕوونی كردەوە كە حیزبی دێموكرات حیزبێك بووە مێژووی خولقاندووە، هەر لە هەڵكردنی ئاڵا تا ناوی پێشمەرگە و پێویستە ڕۆژی كەمئەندامانی حیزب فراوانتر بكرێت و سەرجەم هێز و لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بگرێتەوە.
ناوبراو لە بەشێكی تردا باسی لە هەوڵەكانی شەهید دوکتور قاسملووی نەمری بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئاسایی بۆ كەمئەندامان لە نێوەخۆ و دەرەوەی وڵات كرد.
لە بەشی دووەمی ڕێوڕەسمەكەدا، بەڕێوەبەری سێمینار داوای لە سەرجەم ئەندامانی كۆمیتەی گشتی و كۆمیتەی شارەكان لە سوئید كرد کە لە پێدانی لەوح و گوڵی ڕێزلێنان لە كەمئەندامانی حیزب بەشدار بن كە تێیدا زیاتر لە ٤٠ لەوح بەخشرا.
هەر لەو بەشەدا لەوح و پەیامی ڕێزلێنان بەخشرا بە خاتوو ''كلسووم"، هاوسەری مامۆستا شیوەسەڵی. هەروەها ژمارەیەك ئەندام و كەسایەتی ڕێزیان لێگیرا كە لەپێناو حیزب و گەلدا باوەشیان بۆ ئازاری جەستە كردووەتەوە.