کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، جەنایەتێکی دیکەی خولقاند و دوو لاوی خەڵکی شاری سەرپێڵی گولـلەباران کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ کوردستان میدیا، شەوی هەینی، ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دوو لاوی خەڵکی سەرپێڵ و زەهاویان لەسەر، لە شوێنێک بە ناوی "نەڵکمین"، سنووری نێوان تەوێڵە و هانەگەرمەڵە، تیرباران کرد.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران بۆ سەرپۆشکردنی ئەو جەنایەتە لە نێو خەڵکدا وایان بڵاو کردووەتەوە کە ئەو دوو لاوە لە کاتی تێپەڕین لە سنوور، کەوتوونەتە سەر مین و گیانیان لە دەست داوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، ئەو شوێنە کە تەرمەکانی لێ دۆزراوەتەوە، نە سنووری هاتوچووی کۆڵبەرە و نە مین لەوێ هەبووە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، خەڵک ئاسەواری گولـلەبارانیان بە تەرمی ئەو دوو لاوە دیتووە و هەتا نیوەڕۆی شەممەش، تەرمی ئەو دوو لاوە لە شوێنی خۆی بووە.