کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی پارێزگای کوردستان: هەڵبژاردنی ناوی کوردی بۆ منداڵان زیادی کردووە

19:53 - 14 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەربەستی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە ئیدارەکانی تۆمارکردنی باری کەسیەتی لەمەڕ هەڵبژاردنی ناوی کوردی، رێژەی دانانی ناوی کوردی بۆ منداڵان زیادی کردووە.
هەواڵدەریی ئیرنا لەزاری بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ناوە کوردییەکان زیاتر لە هەموو جۆرە ناوێک لە کوردستاندا بۆ منداڵان هەڵدەبژێردرێن.
ناوگەلێک وەکوو ماردین، ئارژین، هەوراز، ئەوراز، زانا، هەژار، هێمن و ژیان بۆ کوڕان و ناوگەلێکی دیکە وەکوو ئاڵا، ئەڤینا، ئەڤینار، رۆژین، زریان، شنیا، شیلان، کیژان، لاوین، نیان و نارین بۆ کچان، ئەو ناوانەن کە لە پارێزگای کوردستاندا بۆ زیاتر لە هەموو ناوێکی دیکە بۆ منداڵان هەڵبژێردراون.

6937.jpg

ئەو بەرپرسەی رێژیم لە درێژەدا هەندێک لە ناوە کوردییەکانی وەکوو \'\'ئاوارە\'\'ی بە نالەبار و خراپ وەسف کردووە، لە کاتێکدا \'\'ئاوارە\'\' یەکێک لە ناوە رەسەنەکانی زمانی کوردییە و لایەنگرێکی زۆری لەنێو خەڵکدا هەیە.
زیادبوونی رێژەی هەڵبژاردنی ناوە کوردییەکان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران نامیلکەیەک کە تێیدا هەندێ نامەی عەرەبی و هاتووە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناچاریان دەکەن لەو نامیلکەیەدا ناو بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.
لە کاتێکدا کە ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی باس لە ئازادیی تەواوی بنەماڵەکان لە هەڵبژاردنی ناوی منداڵەکانیاندا دەکات کە زۆربەی هاووڵاتییان لە کاتی سەردانی ئەو ئیدارەیە، ناچار بە هەڵبژێردرانی ناوی عەرەبی دەکرێن و هەڕەشەی ئەوەشیان لێ دەکەن کە ئەگەر ناوی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن ناسنامەیان پێ نادەن.

ئەو لیستە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی سنە بوونی هەیە و نیشانەی ئەوەیە کە ئەو ناوانە کە لە پێشدا دانراون و هیچ ناوێکی کوردیی تێدا بەدی ناکرێت.
پێشگیری لە هەڵبژاردنی ناوی دڵخواز لەلایەن بنەماڵەکانەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی کوردستان دوو ناوی هەبێت. منداڵێکی تازە لە دایک بوو لە نێو ناسنامەدا ناوێکی هەیە و لە نێو کۆمەڵگا و خەڵکی ئاساییدا ناوێکی دیکە.
لەو پێوەندییەدا پێشتریش ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی پارێزگای کرماشان پێشگیریی لە هەڵبژاردنی ناوی کوردیی بۆ هاووڵاتییان کردبوو و خەڵکی ناچار کردبوو کەلە نێو لیستەیەکدا کە خۆیان دابینیان کردووە ناو بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.