کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیعدامی زیندانییانی بەلووچ و کورد بەردەوامە

21:17 - 5 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە تۆڵەی کوژران و بریندار بوونی ٢٤ ئەندامی خۆی لە سنووری سیستان و بەلوچستان، ١٦ زیندانیی بەلووچی لە سێدارە دا.
رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٦ زیندانیی بەلووچ لە زیندانی زاهیدان بەتۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی عەبدولمالیک ریگی لە سێدارە دران.
لە سێدارەدانی ئەو ١٦ زیندانییە بەلووچە پاش تێکهەڵچوونی گرووپێکی چەکدار لەگەڵ هێزە سنوورییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پاسگای \'\'گەزبستان\'\' هاتە ئاراوە کە بە وتەی سەردۆزگەری زاهیدان ئەو رەشەکوژییە پاش ئەو تێکهەڵچوونەوە و لە تۆڵەی کوژراوانی رێژیم هاتووەتە ئاراوە.
هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' ناوی ئەو ١٦ زیندانییەی بەم شێوەیە بڵاو کردووەتەوە: نازر مەلازهی، مێهروڵڵا ریگی ماهەر نیا، عەبدولوەهاب ریگی، حەبیبوڵڵا ریگی‌نژاد شوورکی، سەعید ناروویی، حامید وەکالەت، سولێمان میایی، ئەحمەد بەهرام زەهی، ئەعزەم گورگیج، داود میر بەلووچ زهی، حەسەن رەزایی، حەبیب تۆتا زەهی، ناسر شێ، ئەحمەد دەهمەردە، حوسێن بەراهوویی و نەجیبوڵڵا بەهادۆری.
دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران تۆمەتی \'\'قاچاخ و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر\'\'ی داوەتە پاڵ ژمارەیەک لەم هاووڵاتییە بەلووچانە، بەڵام کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی قەزایی رێژیمی ئێران، ئەو ئیعدامانەی لە تۆڵەی دەرگیریی خاڵی سفری سەرسنوور کە بووە هۆی کوژرانی ١٧ ئەندامی سپای پاسداران و ٧ برینداری دیکە، لە قەڵەم داوە.
شەپۆلی ئیعدامی زیندانییان و بەتایبەت زیندانییانی سەربە نەتەوەکانی بەلووچ و کورد لەم چەند رۆژەی دواییدا پەرەی سەندووە.
جیا لەم ١٦ زیندانییە بەلووچە، ٢ زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی \'\'رزا ئیسماعیلی و حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور\'\' لە زیندانەکانی ئورمیە و سەڵماس لە سێدارە دران.
ئیعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد لە کاتێک دایە کەلە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ٦ ئەندامی سپای پاسداران، بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو لە ناوچەی بانەدا کوژران.