کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی سووریە و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکیان پێک هێنا

17:54 - 12 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ لەسەر داوای یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی سووریە، دیدارێک لە نێوان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان، بە سەرپەرەستیی "حیسام ئەحمەدی"، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی ئاڵمان و یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی سووریە، پێک هێندرا.

سەرەتا لەلایەن "سەبری ڕەسووڵ"، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکیەتیی نووسەرانەوە باسێک لەسەر یەکیەتیی نووسەران و کارو تێکۆشانیان و بەتایبەت ئاڵوگۆڕەکانی نێو ڕێکخراوەکەیان لە دوای کۆنگرەی دووهەمی خۆیان کرد.

دواتر لەلایەن "حیسام ئەحمەدی"وێڕای پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی دووهەمی ئەو ڕێکخراوە، ئاماژەی بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات بۆ پشتیوانی لە پێکهاتە جیاجیاکانی بەشەکانی کوردستان کە بەشێوەی ڕێکخراو و بە وشیارییەوە هەنگاو بۆ خزمەت بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان دەنێن، کرد.

ناوبراو لەو پەیوەندییەدا ڕۆڵی نووسەرانی کوردی بە گرینگ وەسف کرد و ئەرکی یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی سووریەی، لە ڕاستای کۆکردنەوەی نووسەرانی کورد، لە دەوری ڕێکخراوەکەیان وەک ئەرکێکی قورس، بەڵام پڕدەسکەوت بۆ خزمەت بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد نێو برد.

پاشان بە سەرنجدان بە دۆخی هەنووکەیی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات ، تیشکی خستە سەر خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات و شوێندانەریی ڕاسانی ڕۆرهەڵات بۆ بەشداری و ئەرک وەخۆگریی پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردستان.

لەلایەن نوێنەرانی یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی سوریە، ڕاسان بە مێتۆدێکی شوێندانەر لەسەر ئێستا و داهاتووی بزووتنەوەی کورد لە کوردستان ڕۆژهەڵاتی نێوبردرا و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات دووپات کردەوە.

لە کۆتاییدا وێڕای پێداگری لەسەر بەردەوام بوون بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان دوو لایەن، نوێنەری حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی، بۆ یەکیەتیی نووسەران دووپات کردەوە.