کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: هەوڵی ئێران بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٢٠ لەسەدی زۆر مەترسیدارە

11:37 - 23 بەفرانبار 2720

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار، پەرەپێدانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی هەتا ئاستی ٢٠ لەسەد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە وەڕسووڕانێکی زۆر مەترسیدار و جێگای نیگەرانی وەسف کردووە و داوای لە ئێران کردووە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی ڕابگرێت.

پێشتریش ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بەنیسبەت پەرەسەندنی پیتاندنی ئۆرانیۆم هەتا ئاستی ٢٠ لەسەدی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداریی دابوو.

کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن، پیتاندنی ئۆرانیۆم هەتا ئاستی ٢٠ لەسەدی ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی خێراتر دەکات.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت قسەکانی ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا کە پشتیوانیی لە گەڕانەوەی بە بەرجام کردووە، پێشوازی کردووە.

''جۆ بایدن'' بەنیازە سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە ڕێکەوتنی ناوکی گرێ بدات، لەحاڵێکدا ڕێژیمی ئێران وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکیی خۆی بە هێڵی سوور لە قەڵەم داوە.

ڕێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو لە کاردانەوە بە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، ڕادەی بەڵێنییەکانی بەو ڕێککەوتنە لە ٥ قۆناغدا کەم کردووەتەوە.

پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە خەستیی ٢٠ لەسەد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەحاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی  بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥، ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ڕێژیمی ئێران هەتا ٣.٦٧ لەسەد دیاری کراوە.