کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێك لە سیما ناسراوەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

18:40 - 26 جۆزەردان 2721

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، "زاهیر بەدری" ناسراو بە (بەبری کوێستان) بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەنی وڵاتی دانمارک کۆچی دوایی کرد.

" زاهیر بەدری" کوڕی ئەرشەد خەڵکی ئاوایی "حەبەش" سەر بە شاری "خۆی"ی شیمالی کوردستان  بوو کە باوک و کەسوکار و بنەماڵەی  بەدری لە دامەزرانی حیزب و کۆماری کوردستاندا لە بنەماڵە چالاکەکان بوون و پێشتریش لە شۆڕشەکانی "ئاراراتـ"ـدا نەخش و بەشداریی بە باندۆریان هەبووە.

کاک "زاهیر بەدری" لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی  شاری "ماکۆ و تەورێز" پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا بەشداریی کردبوو.  لەو کەسانە بوو کە هەر زۆر زوو خۆی گەیاندبووە شاری "مەهاباد"  و پەیوەندیی بە ڕێبەرایەتیی حیزبەوە کردبوو و گەڕابووە ناوچەکانی "خۆی، ماکۆ و سەڵماس" بۆ دامەزرانی ڕێکخکستنەکانی حیزب و دامەرزاندنی بنکە و بارەگا و ناونووسکردنی لاوان بۆ پێشمەرگایەتی و توانیبووی لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی بەرینی پێشمەرگە دروست بکا و بە ناوی دەستەی "ئارارات" بکەونە کار و تێکۆشان.

هاوکات لەگەڵ کاک "زاهیر" بەشێکی زۆری لاوانی بنەماڵەکەشیان چەکی پێشمەرگایەتیان لە شان کرد و دوو براشی بە ناوەکانی "بەشیر و موراد خان" لەگەڵ "زاهیر"ی براگەورەیان بوونە پێشمەرگە کە بەداخەوە ساڵی ١٣٥٩ "بەشیر بەدری" لە شەڕێکی قورسدا گیانی بەخشی و چووە نێو کاروانی نەمرانەوە.

"زاهیر بەدری" لە هێزی "قارەمانـ"ـی ئەو کاتدا دا فەرماندەری لک و بەرپرسی نیزامیی "کۆتۆل بوو".

ساڵی ١٣٦٠ "زاهیر بەدری" لە ماوەی پاشەکشەی حیزب لە شیمال بەهۆی خیانەتی تاقمی ٧ کەسی، خۆی و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ڕوویان کردە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ناوچەی سەردەشت  و لە گوندی میراوا لە شەڕێکی قورسدا یەکێک لە هاوڕێیان و خزمانی نیزیکی خۆی بە ناوی "حەسەن زەیتوون" شەهید بوو.

دوای گەڕانەوەی بۆ شیمال لە هاوینی ساڵی ١٣٦١ دیسان "زاهیر بەدری" وەک ناوە ناسراوەکەی(بەبری کوێستان) شانی دایە بەر خەبات و تێکۆشان و  وەک فەرماندەری عەمەلیاتی هێزی شەهید سەروان "حاتەم" خزمەتی دەکرد و هاوکات فەرماندەری دەستەی چەکە قورسەکانی هێز بوو لە کاتی شەڕ و بەربەرەکانیەکاندا وەک خەدەمەی لێزانی دۆشکە بەشدار دەبوو.

هاوینی ساڵی ١٣٦٣ کاتێک هێزەکانی حیزب کەوتنە خەباتی پارتزانی، بە مەئمووریەتێک کە لەلایەن شەهید "نەبی  قادری" بەرپرسی ئەوکاتی ناوەندی "ئاگری"، "زاهیر بەدری" کرایە فەرماندەری لکی شەهید "بەشیر بەدری" و لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ڕوویان کردە بناری "ئاگری" و لە ناوچەکانی "خۆی و ماکۆ" خەباتیان کرد تا سەرەنجام لەسەر سنوور ل لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیەوە خۆی و چەند هاوڕێی کە یەکێکیان "مورادخانی" برای بوون گیران و کەوتنە زیندان.

  دوای نیزیک ٢ ساڵ، بە مەرجی ناونووسیکردن لە "یوو.ئێن" و نەگەڕانەوە بۆ نێو حیزب ئازاد کران و بە ناچار ناویان لە "یوو.ئێنـ"ـی ئانکارا نووسی و دواتر وەک پەنابەر لە وڵاتی دانمارک گیرسانەوە.

لەوکاتیەوە تا دواساتی ژیانی "زاهیر بەدری" وەک خەباتکارێکی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفادارییەوە کاری حیزبی کرد، لە کۆمیتەی دانمارک وەک بەرپرسی بەشی تەشکیلات، بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی و  زۆر يئەرکی تری بەڕێوە برد.

بە کۆچی دوایی زاهیر بەدری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قارەمان و فەرماندەر و خەباتکارێکی لەدەست دا و شیمالی کوردستان بە گشتی و  دەڤەری "کۆتۆل و ئارارات" کەسایەتییەکی جێێ باوەڕ و خاوەن قورسایییان لەکیس چوو.

یاد و ناوی کاک زاهیر بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی حیزب و نەتەوەکەمان دا بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک "زاهیر" سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.