کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

18:11 - 1 پووشپەڕ 2720

یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرش بۆ سەر "سادق زەرزا" داوای لە دەوڵەتی هۆلەند کرد لەبارەی ڕووداوەکە لێکۆڵێنەوەیەک بکات چونکە گومانی ئەو هەیە ئەو کردەوە به‌ بڕیاری دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی یەکەی کارگێڕیی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

دیسان هێرش كرایه‌ سه‌ر تێکۆشەرێکی دیکەی حیزب و گەلەکەمان.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٩ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی، لە شاری لوردانی وڵاتی هۆلەند، هاوڕێی تێکۆشەر، کاک سادق زەرزا، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبەکەمان و کەسایەتی ناسراوی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازدیخوازانەی نه‌ته‌وه‌کەمان، هێرشی كرایه‌ سه‌ر و لە ئاکامدا بە تووندی بریندار بوو.

کاک سادق، ساڵانێکی زۆر لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی دێموکراتیکی كورددا، لە شووێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، وەک کادرێکی تێكۆشەری حیزبی و فەرماندەیەکی لێوەشاوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خزمەتی بە بردنەپێشی ئامانجە بەرزەکانی حیزب و نه‌ته‌وه‌کەمان کردووە.

لە درێژەی هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبدا، هەتا ئاستی سەرەوە و ئه‌ندامه‌تی له‌ ڕێبەریی حیزب چووەتە پێش. کاک سادق سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی نێو تەشکیلاتی حیزبەکەمانە.

ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن پۆلیسی هۆلەندەوە سەبارەت بە ئەنگیزەی کردەوەکە بڵاو نەبووەتەوە بەڵام بە ئەزمونێک کە لە کۆماری ئیسلامی لەبەردەستدایە و ئاماژه‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ی هێرش بۆ سه‌ر كاک سادق و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زنجیرە تێرۆرانەش کە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا لە چەند وڵاتی ئورووپایی و به‌تایبه‌ت چه‌ندین جار له‌ وڵاتی هۆله‌ند ئه‌نجامی داون، بۆیە گومانی ئەوە دەکرێ ئەو کردەوەیەش به‌ بڕیاری دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرا بێ.

ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە هیوادارین کاک سادق بە زوویی برینەکانی ساڕێژ ببنەوە .

 داوا لە پۆلیس و دەزگا بەرپرسەکانی دیکەی وڵاتی هۆلەند دەکەین کە لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بەو ڕووداوە بکەن و بیروڕای گشتی لە چۆنیەتی مەسەلەکە ئاگادارکەنەوە و بۆ سزادان و لەقاودانی   تێرۆریزم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەنگاوی پێویست هەڵگرن.

یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات

١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

٢١ ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی