کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەرانبەر داواکارییەکەی ئیمارات بێدەنگە

20:20 - 17 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ئێران لە بەرانبەر داخوازی فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێمارات کە گووتوویەتی ئێران بخرێتە لیستەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بێدەنگە.

ڕۆژنامەی الشر‌ق بڵاوی کردەوە، سەرۆکی فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێمارات، داوای لە کۆنفێدراسیۆنی فوتباڵی ئاسیا کردووە، یارییەکانی داهاتووی لیگی قارەمانیەتی ئاسیا، لە دەرەوەی ئێران بەڕێوە بچێت، بەو هۆیەوە کە تیمە عەرەبییەکان لە ئێراندا ئەمنیەتی گیانییان نابێت.

ئەم داواکارییە دوابەدوای ئاگرتێبەردانی باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و تێکچوونی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و چەند وڵاتی عەرەبی ناوچە، بە هۆی ئێعدامی شێخ ئەلنەمر لە عەرەبستان، هاتە ئاراوە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێرانی هیچ هەڵوێستێکیان لەم‏بارەوە ڕانەگەیاندووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی ڕایانگەیاندووە کە تیمەکانیان ئامادە نین لە وڵاتی ئێراندا لەگەل تیمە ئێرانییەکان یاری بکەن و بەتەمان داوا لە کۆنفێدراسیۆنی فوتباڵی ئاسیا بکەن تاکوو یارییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە وڵاتێکی سێهەمدا بەڕێوە بچێ.

بڕیارە یارییەکانی قۆناغی تیمیی، دەورەی نوێی لیگی قارەمانانی ئاسیا لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵەوە دەس پێ‏بکات.