کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بەرەبەری کەمیی و گرانی هەوسارپچڕاوی ماددە خۆراکییەکانە

10:42 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: چالاکانی سیاسی و ئابووریی ئێران هۆشداری دەدەن کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا قات‌وقڕی ماددە خۆراکییەکان ڕوو دەدات و هەر لە ئێستەوە نیشانە و هێماکانی ئەم دۆخە خۆیان دەرخستووە.

دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی بەشێک لە تەحریمەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەڕێوەبەریی ناکارامە و ناکارناسانە لە بیاڤی ئابووری، بەشێک لە کۆمپانیا و سەرمایەدانەرە گەورەکان وازیان لە بازاڕەکانی ئێران هێنا و جیا لە هاتنەئارای گرانی و مایەپووچ بوونی وەبەرهێنەرە نێوخۆییەکان و بێکاری زیاتر، هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەریش یەخەی ئابووریی ئێرانی دادڕیوە.

ڕۆژنامەی ئاڵمانی "فرانکفۆرتێر رۆندشاو" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە، تا ماوەیەکی تر لە ئێراندا پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیان بوونیان نامێنێ؛ ئابووریی ئێران دراوە بە عەرزدا و سیاسەتەکانی دەوڵەت لە پێی خستووە."

قەیرانی ماڵیی ڕێژیم و دابەزینی بایەخی دراوی ئێران خۆی خزاندۆتە نێو ژیانی خەڵکی ئاسایی و بە وتەی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان داراییەکانی خەڵک لە ئێراندا یەک لەسەر چواری بایەخی خۆیان لە دەست داوە.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرت لە شارەکانی کوردستان هەنووکە خەڵک لە بازاڕدا بەتەواوی هەست بە کەمیی و نەبوونی بەشێک لە خواردەمەنییەکان دەکەن؛ بۆنموونە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە چەندین فرۆشگای گەورەی شاری سەقز لەوانەش فرۆشگەکانی کورش، پدر سالار، تک و رفاە، کەلوپەلەکان یان هەر نەماون یان ئەوەندە گران بوون کە خەڵک توانای کڕینیان نەبووە.

بەوتەی دانیشتوویەکی ئەم شارە، نرخی پووتێک ڕۆنی خواردن بۆ ١٨٠٠٠٠ تمەن هەڵکشاوە؛ هەنووکە تەماتە بە ٣٥٠٠ تمەن دەفرۆشرێت و مەزندە دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوودا تا سەروی ٥٠٠٠ تمەن بڕوات؛ نرخی دۆلار دووبارە بەرز بوویەوە و گەیشتە ١٦٢٠٠ تمەن و بایەخی تمەنیش لەبەرامبەر دیناری عێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو و سەرسووڕهێنەر دابەزیوە و هەر ١٠٠ هەزار تمەن بە ٨٢٠٠ دینار ئاڵوگۆڕی پێکراوە، هەرچەند لە بەشێک لە بازاڕەکانی عێراقدا سەڕافەکان ئامادە نین ئاڵوگۆڕ بە تمەن بکەن و دەڵێن ئەوەندە بێبایەخە کە کڕین و فرۆشتنی بۆ ئێمە دەبێتە ریسکێکی گەورە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سەردەشت، نانەواخانەکانی ئەو شارە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و پێداویستییەکانی نانەوایی دەستیان دایە مانگرتن و نانەواییەکانیان داخست کە ئەمە بووە هۆی نەمانی نان لەم شارەدا؛ هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر، لە شاری پاوە دوای چەند ڕۆژ لە نەبوونی هیچ جۆرە گۆشتێک لە بازاڕەکاندا، خەڵک بۆ دابینکردنی گۆشت، بەناچاری و بەهۆی هەرزانتربوونی، ڕوویان لە کڕینی گۆشتی بەستوو (یەخزدە) کرد کە بەوتەی شایەتحاڵان ئەم گۆشتە زۆر شیاوی خواردن نەبوو و کوالێتییەکەی زۆر لە خوار بووە.

کارناسێکی بازاڕ لە کوردستانی رۆژهەڵاتەوە بە کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە ئەوەیکە ئێستە دەبینرێت تەنیا پێش‌لەرزەکانی قەیرانێکی گەورەترە؛ ئەگەر خولی دووهەمی تەحریمەکانیش دەس پێبکەن بەدڵنیاییەوە هێندەی دیکە دۆخی ژیان قەیراناوی دەبێ چوونکە ئەوکات خێرایی هەڵکشانی نرخی پێداویستییەکان بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا خەڵک لەگەڵ برسیەتی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەم چالاکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا وتوویەتی: "ئەگەر خەڵک بیرێکی ئەساسی بۆخۆیان نەکەنەوە، ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێ و بەردەوامی ئەم ڕەوتەش تراژێدیای مرۆیی لێدەکەوێتەوە!"