کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لەت دەکا

19:05 - 31 پووشپەڕ 2721

کەریم پەرویزی

ساڵانيکی زۆرە کە سیستمی کۆلۆنیاڵیستی- شۆڤينیستیی حاکم لە تاران، هەوڵ و پەلەقاژەی ئەوە دەدا کە نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ئێراندا وەکوو سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و یەکپارچەیی دەسکرد، نیشان بدا و وا بنوێنێ کە گەر ئەم سیستمە کۆلۆنیاڵیستی شۆڤێنیتسیە، نەمێنی و بڕووخێ، هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا، کە ئەم سیستمە بۆ سووکایەتیکردن، بە ئەقوام ناویان دەبا، هەرکامەیان سەر بە وڵاتێکی بیانین و بە پیلانی ئەوان ئێران دابەش و لەتوپەت دەبێ.

هەم حکوومەتی پاڵەوی دەیگوت کە گەر شا نەمێنێ ئێران دەبێتە ئێرانستان، یانی بە رووخانی شا، ئێران لەت لەت دەبێ و هەم رێژیمی خومەینیش کە درێژەی سیستمی پاڵەوییە بەڵام بە عەمامەوە، پروپاگەندەی ئەوەی کردووە و دەیکا،  هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی نەتەوە ستەملێکراوەکان بە دەسکردی دوژمنانی ئێران ناو دەبا و دەلێ گەر ئەم نیزامە واتە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی نەمێنێ، ئەوە هەموو ئەقوام، وەکوو بەکرێگیراوی ئامریکا و سەهیۆنیزم، ئێران لەتوکوت دەکەن!

ئەم پروپاگەندەیەیان تاڕادەیەک کاریگەریی لە بیری هەندێ لە فارسەکانیش کە بەقەول خۆیان بە ئازادیخواز دەناسێنن داناوە کە لە بڕگە هەستیارەکاندا ئامادەی ئەوە نین پشتیوانی لە مافی ئینسانیی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران بکەن و دەڵێن مەترسیی لەتبوون چاوەڕێی ئێران دەکا!

ئەم بیری کۆلۆنیالێستی- شۆڤینیستیە تا ڕادەیەک قووڵ بۆتەوە کە کەسانێکی وەکوو داریووشی هومایوون،  پەیدا بوون کە دەیانگوت گەر کۆماری ئیسلامی بکەوێتە مەترسیی رووخان و لەنێو چوون، ئامادەن چەک هەڵبگرن و دیفاع لە رێژیمی خامنەیی دەکەن!

کاتێک شا رووخا،  ئێران نەبوو بەو ئێرانستانە کە مەترسیەکەیان باس دەکرد و نەتەوەکانی نێو ئێران جودا نەبوونەوە و  لەولاشەوە دەسەڵاتێکی مهلوڕتر لە پاڵەوی هاتە سەرکار و هەموو ئەوانەی لە ترسی درۆیینەی لەتوپەت بوونی ئێران پشتی کۆماری ئیسلامییان دەگرت و تاوانەکانی رێژیمیان پاساو دەهێنایەوە، خۆیان کەوتنە بەر تیغی جەللادەکانی جەماران و مەگەر دوای مەرگ زانیبێتیان کە چ وەهمێک  دایگرتبوون!

چەند رۆژە کە نەتەوەی عەرەبی ئەحوازی، لە تینوێتیدا گیان گەیشتۆتە گیانیان و هەموو قەیرانە کەڵەکەبوونەکان  ڕایانپەڕاندوە و هاتۆتە سەر شەقام و هاواری مافەکانی دەکا، بەڵام دووبارە رێژیم خەریکی بڵاوکردنەوەی وەهمی مەترسیی لەتبوونی ئێرانە تاکوو رەوایی بە تاوان و کوشتارەکانی لە شارە عەرەبنشینەکان بدا.

بەڵام ئەوەی بە کردەوە لە ئارادایە ئەوەیە کە خودی خامنەیی و دەسەڵاتە نگریسەکەی، ئێرانیان لەتوپەت کردووە. ئەم سیستمە کۆلۆنیالیستی- شۆڤێنیستیە، نانی لە کوردستان بڕیوە و ئاوی لە ئەحواز داخستوە و هەژاریی لە بەلووچستان چاندووە و هەناسەکێشانی لە تورکەمەنسەحرا قەدەغە کردووە و سووکایەتی بە هویەت و ناسنامەی تورکە ئازەریەکان دەکا و بە کردەیی خەریکی جیاکردنەوەی نەتەوەبندەستەکانە لە ئێران.

ئەوە نەتەوە بندەستەکان نین کە ئێران لەتوپەت دەکەن، بەڵکوو کردەوە و سیاسەتەکانی خامنەیی و باندە جەللاد و گەندەڵەکەیەتی کە نەتەوە بندەسەتەکان ناچار بە هەڵوێست دەکا و نەتەوەی فارسیش گەر دەیانەوێ لە ئێراندا بە ئازادی بژین دەبێ لە وەهم دەربێن و راستیەکان ببینن، دەنا داهاتوو جۆرێکی دیکە شکڵ دەگرێ و ئەوان مەگەر بۆ سەدان ساڵی دیکە لە حەسرەتی رابردوودا بژین!