کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران نەوتی خۆی بە داشکاندنی زۆرەوە بە چین دەفرۆشێت

11:58 - 27 رەشەمه 2720

ڕێژیمی ئێران بەهۆی نەبوونی کڕیاری پێویست، نەوتی خۆی ٣ تا ٥ دۆلار کەمتر لە پێوانەی دیاریکراوی نەوتی خاوی برەنت بە چین دەفرۆشێت؛ ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ چین لەو مانگەی زایینیدا دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بۆشکە لە ڕۆژدا.

ماڵپەڕی "بلۆمبێرگ" ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران بە فرۆشتنی نەوتی هەرزان بووەتە هۆی ئەوەی کە "ئۆپێک" نەتوانێت بەرنامەی خۆی بۆ پێدانی ڕێژەیەکی کەمتر لە نەوت بە بازاڕی جیهانی بەڕێوە ببات.

ئەو سنوورانەی کە ئۆپێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو دیاریی کردووە، ئێران ناگرێتەوە.

بلۆمبێرگ لە زاری بازرگانان و شرۆڤەکارانی نەوتەوە نووسیویەتی کە چین ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بۆشکە نەوتی خاو و گازۆئیل لە ئێرانەوە هاوردە دەکات کە زۆرترین ڕێژەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووە.

بە وتەی بەڕێوبەرانی بازاڕی نەوت، نرخی نەوتی ئێران لە چین لە هەر بۆشکەیەکدا لەنێوان ٣ تا ٥ دۆلار لەژێر پێوانەی نەوتی خاوی برەنتدایە، جیاوازییەک کە بووەتە هۆی ئەوەی کە شیرکەتە خۆجێییەکان بە سەرنجدان بە نرخە جیهانییەکانی نەوت دەستبەجێ هەوڵ بۆ کڕین و پاشەکەوتکردنی نەوتی ئێران بدەن.