کەریم پەرویزی
دوکتور قاسملوو، رێبەری بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی- دێموکراتیک بوو کە چەند دەیە بە دژی دوو جۆر دەسەڵاتی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهی خەباتی کردووە. ئەم بزووتنەوە لە سەرهەڵدانەوە تاکوو وەسەرپێ کەوتن و دواتر تا باڵاکردن و گەورەبوون و هەروەها لە نسکۆ و شکستەکان و پاشەکشێ و پێشڤەچوونەکاندا، ئەزموونی زۆری وەسەریەک نا و بەشێکی گرنگی لە سەرەتاوە وبە دەستی بەهێز و داهێنەری پێشەوای نەمر بوو، بەڵام بەشی درێژەدان و نوێکردنەوە و وەسەریەکخستنەوە و رێکخستنەوە و بەڕۆژ و دێموکراتیک کردنەوە و گەشەکردنەوەی وەئەستۆی دوکتور قاسملوو بوو و بە بیر و هزری و خەبات و خوێنی ئەو، بوو بە داربەڕوویەکی ئەستووری بۆ هەتاهەتایە لەسەرپێ کە هیچ تۆفانێک ناتوانێ دەستی بە رەگەکانی بگات.
دوکتور قاسملوو داربەڕووی شۆڕشی نیشتمانی کوردستانی وەها ئاودێر کرد و هەرسی کرد و گەشاندییەوە، کە نەک کورد لە ژێر سێبەریدا دەحەسێتەوە، بەڵکوو بوو بە هێما و هاندەر بۆ نەتەوەکانی دیکەش لە ئێراندا و بەتایبەت ئازادیخوازانی راستەقینەی ئێرانی، وەکوو سەرچاوەی فێربوون و هاندران چاویان لێ کردووە و دەیکەن.
دەسەڵاتی کۆماری ئسیلامی لە پووشپەڕی وەیشوومەی ساڵی ١٣٦٨دا ویستی بە تەقەکردن لە مێشکی بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردستان، ئەم بزووتنەوەیە تووشی فەلەجی هزر و مێشک بکا و لەشی بێسەری بزووتنەوەکە بکا بە سووتەمەنیی ویستەکانی خۆی و مشەخۆرانی دەسکردی، بەڵام نەیزانی کە ئەم داربەڕووی شۆڕشی کوردستانە، ئیدی لە رەگی مێژووەوە گرێ دراوە و نەک تەنیا چەند کادر و پێشمەرگەیەک لە دەوروبەری قاسملووی رێبەرن، بەڵکوو دار و بەردی کوردستان دەبن بە ئاوێنەی رەنگدانەوە و زایەڵەی رووناکیی هزر و سیمای قاسملوو.
شۆڕشی نیشتمانپەروەری و کاروانی بونیاتنەرانی نیشتمانی نوێ، قۆناخ بە قۆناخ و بڕگە بە بڕگە، بە ڕاسانەوە سەر لە وانەکانی قاسملوو دەدەنەوە و قاسملوو نەک لێیان دوور نییە، بەڵکوو لە ژووری کار و لە سەنگەری نیگابانییان و لە نێو ئاهەنگی موبایلەکانیان و لە دووتوێی کتێبەکانی زانکۆیان و لە میدالیای سەر سینگیانە.
شاخ و باخ و دۆڵ و چیا و شەقام و بازاڕ و کۆڵان و زانستگا و کارگە و کاروان و بەرد و دار و دیواری کوردستان بە ناوی قاسملوو و یادی قاسملوو نەخشێنراون و خۆشترین مۆسیقا دوای ئەی رەقیب لای کوردانی وڵاتی خۆر و خۆرهەڵات، سروودی خوایە وەتەن ئاواکەیە.
دوای سێ دەیە لە دەسڕێژی غەدر و تاوان لە مێشکی کوردستان و کورد، نەک دوژمنان بە ئاواتیان نەگەیشتوون، ئێستا ئیدی دوکتور قاسملوو تەنیا سکرتێری حیزبێک نییە، بەڵکوو ناسنامەیە بۆ شۆڕشی نەتەوەیەک و هێما و ئامانجی دواڕۆژە بۆ بونیاتنەرانی نیشتمان.