کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ كەسی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە فلستین دەستبەسەر كران

20:51 - 15 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فلستین ٥ ئەندامی سەر بە بزووتنەوەی سابێرینی بە تاوانی هاوكاریی و سیخوڕی بۆ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرد.

ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ئوورشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فلستین ٥ كەسی سەر بە بزووتنەوەی سابێرینی لە كەنارەی ڕۆژئاوا، دەستبەسەر كرد كە خەریكی هاوكاریی و سیخوڕی بۆ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بوون و هاوكات بەرنامەیان بۆ كردەوەی تیرۆریستی دادەڕشت.

ئەوە لە كاتێكدایە، دوای ئەوەی كە پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی حەماس بەرەو لاوازی چوون، ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، هەوڵی نزیكبوونەوە و سەرمایەگوزاری لەسەر گرووپ و لایەنە شیعەكان لە فلستین دەدات كە بزووتنەوەی سابێرین یەك لەو لایەنانەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هۆشام سالمی سەرۆكی بزووتنەوی سابێرین، دەستبەسەركردنی ٥ ئەندامی بزووتنەوەكەی پشتڕاست كردەوە و ڕایگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا، هاوكاریی دارایی و نیزامیی زۆرمان پێ دەگات، بەڵام باسی لەوە نەكرد كە سەرچاوەی ئەو هاوكارییە دارایی و نیزامییانە كوێیە.

دەگووترێت كە پێشتر ئەو ٥ كەسە لە نەواری غەزە چالاكییان بەڕێوە دەبرد، بەڵام دوو حەوتوو پێش ئێستا، هاتوونە كەنارەكانی ڕۆژئاوا، تاكوو هێرشی تیرۆریستی لە بیت الحم بەڕێوە بەرن.

شایانی باسە كە پەیوەندییەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی حەماس، لە ساڵی ٢٠١١ و لەسەر چۆنییەتی دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی شەڕی سووریەدا، بەرەو ئاڵۆزی چووە.