کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''ئەلبۆرز ڕوئین‌ تەن'': کوشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانی پەیامێکی جیددییە بۆ ئێران کە دەبێ دەست لە ئاڵۆزکردنی زیاتری ناوچەکە هەڵ بگرێت

18:59 - 15 بەفرانبار 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ئامریکا، ڕۆژی ٨ی بەفرانبار، لە کاردانەوەی هێرش بۆ سەر بنکەی "کەی-١"، لە نزیکیی کەرکووک،  ٥ بنکەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی "کەتائیب حیزبوڵڵا"ی کە سەر بە حەشدی شەعبییە لە خاکی عێراق و سووریە کردە ئامانج.

بەدوای ئەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن بە هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا، دوو دەرگای ئەم باڵوێزخانەیان سووتاند، کامێراکانی چاوەدێرییان شکاند و ئاڵای ئامریکایان سووتاند و بۆ پشتیوانی لە ''قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودس دروشمیان دا.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئامریکا له‌ به‌غدا زانی.

دوابەداوای هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار، به‌ فه‌رمانی "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ''قاسم سلێمانی''، فەرماندەی سپای قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، لەگەڵ ئەبوو''مه‌ھدی موھەندیس''، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، کرانە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا و هەر دووکیان لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون.

عەلی خامنەیی و  بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر کوژرانی "قاسم سلێمانی"، لە چەندین پەیامدا کاردانەوەی خۆیان بە شێوەی تۆڵەیەکی قورس نیشان دا.

بە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، گرژییەکان لە ناوچەکە توندتر بووەتەوە و باس لە قۆناغێکی نوێ لە ئارادایە.

لەم پەیوندییەدا لەگەڵ ''ئەلبۆرز ڕوئین‌ تەن'' ئەندامی ناوندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا ئەم بابەتەمان خستووەتە بەر باس، سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشێن:

١- ئامریکا چۆن بوو بڕیاری کوشتنی قاسم سلێمانیی دا؟

هەر لە زووە بوو کە قاسم سلێمانی وەک فەرماندەی سپای قودس کە فەرماندەی عەمەلیاتی دەرەوەی ئێرانی لە ئەستۆیە، لە لیستی گەمارۆکان و تێرۆری ئامریکا تۆمار کرابوو، تەنانەت بە گوێرەی وتەکانی ئەم دواییانەی ''برایان هوک''، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ ئێران، قاسم سلێمانی مافی سەفەرکردنیشی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە لێ قەدەغە کرابوو.

هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە ساڵی ڕابردوو، قاسم سلێمانی وەک گرینگترین دوژمنەکانی ئیسرائیلیش هەژمار دەکرا، سەرەڕای هەمووی ئەوانە دەتوانین قاسم سلێمانی بە هێمای دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەش بزانین، هەر وەک ئاگادارن بەشێکی گرینگی مەرجەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاتی دەرچوونی لە بەرجامیش، دەستێوەرنەدانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بوو.

کەواتە هەمووی ئەو فاکتەرانە کاریگەر بوون کە ئامریکا قاسم سلێمانی بە دوژمن بزانێت و هەوڵی لەنێوبردنی بدات، بەڵام بۆچی لەو کاتەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بوو، سناریۆی جیاواز هەن کە کامیان ڕاستە پێویستی بە دەربازبوونی کات و لێوردبوونەوەی زیاتر هەیە.

٢-  خامنەیی باس لە تۆڵەیەکی قورس دەکات، کاردانەوەی کردەیی عەلی خامنەیی بەم هەوڵەی ئامریکا چ دەبێت؟

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە ڕێژیمی ئیسلامی وێنایەکی درۆینیی وای لە سلێمانی دروست کردبوو کە بە سوپەرقارەمانی ئێران لە ناوچە دەبیندرا، دەتوانین بڵێن ئەگەر بە ئاسانیش نەبێت لەنێوبردنی سوپێرقارەمانێکی وا زۆر ئەستەم نەبوو بۆ ئامریکا، خودی جۆری ڕووداوەکەش ئەو هەیمەنە درۆیەیی سوپێرقارەمانی کۆماری ئیسلامی کە هێمای بردنە دەری شۆڕیشش هەژمار دەکرا لەگەڵ خاک یەکسان کرد.

هەر بۆیەش کاردانەوەی لەو شێوە و ئەو دەربڕینانە بۆ زیاتر دڵدانەوە و بەرزکردنەوەی ورەی لایەنگرانی خۆیان چاوەڕوانکراوە. بەڵام تا چەند دەتوانن لە کردەوەدا درێژە بە شەڕێکی وا بدەن جێگەی پرسیارە.

ئەمن پێم وایە کە دەستی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ تۆڵەی هاوشێوە کراوە نییە، چونکە توڵە دەبێتە هۆی کاردانەوەی زیاتری ئامریکا کە دەبێتە هۆی داڕووخانی ورەی زیاتری ڕێژیم. هەر بۆیەش چاەڕوانی کردەوەی تێکدەرانە وەک هەمیشە لە ئێران دەکرێت، بەڵام ناتوانن ئاستی گرژییەکانیش زۆر بەرنە سەر، بە تایبەتی کە ڕای گشتیی ئامریکاش لە دوای کوشتنی قاسم سلێمانی پشتیوانیی ترامپ دەکات.

٣- قاسم سلێمانی چ قورساییەکی لە هاوکێشە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو و ڕێژیم چ دۆخێک و هەلومەرجێکی لەباری بۆ کاردانەوە هەیە؟

ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ بەردەوامی حوکمی ناڕەوایان، پێویستیان بە ترس و توقاندن هەیە، پێویستیان بە نیشاندانی هەیمەنەیەی هێزی خۆیان هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا ئەو هەیمەنەیە پوشاڵی بێت.

قاسم سلێمانی یەکێک لەو هێمایانەی ترس و توقاندنی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوچەدا بوو، هەر بۆیەش پێگەیەکی تایبەتی لای ڕێبەری ڕێژیم و سیستمی کۆماری ئیسلامی هەبوو. تەنانەت باس و خواسی زۆر هەبوو کە لە ئاستی حکوومەتیشدا بەرپرسیارەتی وەربگرێت و بەو شێوەیەش حکوومەتی سپا حاکم بکەن.

لەوانەیە لە ڕووی هێزی مرۆیی بۆ تێرۆر و دەستێوەردان لە ناوچەدا  کۆماری ئیسلامی کەم نەهێنێت بەڵام کوژران و نەمانی یەکێک لە هێماکانی ترس و توقاندن، ئەویش بەو شێوەیە، خەسارە بۆ کۆماری ئیسلامی.

ئەوەی کار بۆ ڕێژیمی ئێرانیش سەختتر دەکات، دۆخی نالەباری توڵەئەستاندنەوەیە.

٤- بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە کوژرانی قاسم سلێمانی تەنیا لەسەر'' تۆڵە'' جەخت دەکەنەوە، ئەمە بە مانای ڕوودانی شەڕێکی قورسە؟

ڕێژیم مانەوەی یەک ڕۆژ زیاتری خۆی لە سەرەوەی هەموو بابەتێک تەنانەت خوێنی کەسەکانی خۆیشی دادەنێت، هەر بۆیە تەنانەت دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و باسی توڵەش ئەگەری شەڕ تەنیا ئەگەر نییە، لەوانەیە بەرژەوەندیی هیچ کام لە ئامریکا و ئێران لە ڕوودانی شەڕی قورس نەبێت، بەتایبەت بەنیسبەت ئامریکا فاکتەری هەڵبژاردنیش کاریگەریی خۆی هەیە. هەر بۆیە دەبێ ئەگەری ڕێککەوتنیش بە ئەندازەی ئەگەری شەڕ حیسابی بۆ بکرێت.

٥- بە کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئامریکا دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێیەوە، ئەمە لەنێو ئێراندا چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟

دۆخێ نێوخۆی ئێران زۆر نالەبارە، دەتوانم بڵێم سەدان قەیران ڕووبەرووی خەڵک و کۆماری ئیسلامین. هەر ئەوەش لە هێزی ئێرانی زۆر کەم دەکاتەوە کە نەتوانێت بە دەستی کراوە سیاسەتی دەرەوەی بە گوێرەی ویستی بەردەوام بکات، بە تایبەت ئەگەر ئەو بابەتە پەیوەندیی بە گرژیی زیاتر نێوان ئامریکا و ئێران بێت، هەر بۆیەش ڕۆژانی زۆر سەخت چاوەڕوانی کۆماری ئیسلامی دەکات تا چەند دەتوانێت ئەو سەختییانە تەحەمول بکات زۆر ڕوون نییە.

٦- کوژرانی قاسم سلێمانی چ کاریگەرییەکی لەسەر شەڕە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا دەبێت؟

کوژرانی یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی شەڕی نیابەتیی ئێران، دەستی ئێران لە ناوچەدا کورتتر دەکاتەوە، چونکە هێز و ورەی تاقمەکانی سەر بە ئێران کە شەڕی نیابەتی دەکەن تا ڕادەیەک تووشی شڵەژان دەبات.

نابێ لەبیر بکەین خودی کوشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانی پەیامێکی جیددییە بۆ ئێران کە دەبێ دەست لە ئاڵۆزکردنی زیاتری ناوچە هەڵگرێت. لە لایەکی دیکەشەوە کورتبوونی دەستی ئێران لە ئاڵوزکردنی ناوچە بە واتەیەک نەمانی ڕێژیمیش دێت، هەر بۆیە وای دەبینم هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامی بە شەڕی نیابەتی تووشی کزی ببێت.

٧- بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە شێوەی کردەیی وڵامی ئامریکا نەداتەوە، ئەوا لە پشتی پەردە مامەڵەیەک بوونی هەیە. ئەم تێڕوانینە چەندە دەتوانێت وەڕاست بگەڕێت؟

لە دونیایی ئەمڕۆی سیاسەت و بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەر تێڕوانینێک دەبێ بە هێند وەربگیرێت، ڕەتکردنەوەی سەد لەسەدی ئەگەرێک دروست نییە. ئەگەر سەیری توییتەکانی ترامپیش بکەن ئەو ئەگەرە لە ئارادایە. بەڵام ئەوەی دەتوانم بە دڵنیاییەوە باسی لێوە بکەم، کۆماری ئیسلامی لە هەر دۆخێکدا کە بێتە ئاراوە، بەهۆی سیاسەتە دژە گەلی و نامرۆڤانەی خۆی هەر بەرەو نەمان و داڕووخان دەڕوات. سەرئەنجامی تێرۆریست نەمان و جا بە هەر شێوەیەک بێت، نابێ لەبیر بکەین ڕێککەوتن لەگەڵ ئامریکا لە هەر ئاست و شێوازێک بێت ناتوانێت کۆماری ئیسلامی بەو سیاسەتە دژە مرۆییانە لە نەڕووخان ڕزگار بکات.