کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلجۆبەیر: عەرەبستانی سعوودی پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە دەکات

15:17 - 12 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: عادل ئەلجوبەیر وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە؛ وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریه دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، عادل ئەلجۆبەیر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی‏دا ڕایگەیاند کە؛ ئەگەر دانووستانەکان بە ئەنجامێک نەگەن، ئەو وڵاتە پشتیوانیی نیزامی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریه دەکات.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە؛ دەوڵەتی تورکیە دەبێت لەسەر ڕادەستکردنی دەسەڵات لە سووریەدا، هاوکاریی بکات و نابێت ئەسەد لە داهاتووی سووریەدا، هیچ ڕۆڵێکی هەبێت.

هەروەها داوود ئۆغڵوو لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ئازادە کە دانووستانەکان درێژە بدات یا جێی بهێڵێت.

لە بارەی پرسی کورد لە سووریه، هەموو لایەنە سیاسییەکان نیسبەت بە دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان هاودەنگن، بەڵام پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد لەبەر نەبوونی یەکگرتوویی و یەک گوتاری پەراوێز دەخرێن.

لەو پێوەندییەدا، دوای ئەوەیکە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ژنێڤ سێ، لەسەر قەیرانەکانی سووریه دەستی پێکرد، پەیەدە بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشت نەکرا.

دانووستانەکانی ژنێڤ٣، لەسەر ڕەوشی سووریە بە سەرپەرستیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان حكوومەتی سووریە و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێن.

قەیران و شەڕی سووریه ماوەی ٥ ساڵە لەو وڵاتە درێژەی هەیە و تا ئێستا بە هۆی پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ڕێژیمە، شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە کۆتایی پێ نەهاتووە.

لە لایەکی دیکەوە هەر لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا باس لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران کرا و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ بە توندی مەحکووم کرا.