کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم جارە دژوارە

23:45 - 31 جۆزەردان 2719

کەریم پەرویزی

بەرپرسانی نیزامی و پاسدارانی رێژیم هەڕەشەی داخستی گەرووی هۆرمۆز و تێکدانی ناوچەکە دەکەن. خامنەیی و روحانیی و بەناو سیاسییەکانیشیان باس لە خۆڕاگرییان و بەچۆکدا هێنانی ئامریکا دەکەن و هەڕەشەش دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچە دەخەنە مەترسییەوە. بەشێک لە بەناو دیپلۆماتەکانیان لە ناوچە و دونیادا بڵاو دەبنەوە کە داهاتوویەکی پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزی نیشان بدەن و سیاسییەکانی ئامریکا و رۆژاوا لەوە بترسێنن کە گوشاری زیاتر بۆ ئێران دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و ئاژاوەی زیاتر و تریاک و پەنابەر بە لێشاو بەرەو ئورووپا دەنێردرێن.

ئەمە کۆی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە لە بەرامبەر دەوری تازەی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم رێژیمە. ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناخەدا وادیارە کە بریتی بێ لە زیادنیشاندانی هەزینەی کردەوەکانی ئامریکا و بە کردەوەی نیزامیشەوە.

بە واتایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە هەموو تاکتیکە دیپلۆماتیک و هەڕەشەی نیزامی و پاسدارەکانی و تێکهەڵچوونە سنووردارەکان و گەفە سیاسییەکانی وا بنوێنێ کە هەر کردەوەیەکی چ سیاسی و ئابووری و چ نیزامیی ئامریکا هەزینەی یەکجار زۆری بۆ جیهان و ناوچە دەبێ و هەر وەکوو بەرپرسانی ئامریکایی وتیان، رێژیمی تاران دەیهەوی لە رێگەی باجگیرییەوە درێژە بە مانەوە و سیاسەتەکانی بدا.

سیاسەتی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزراوە، بریتی بووە لە شەڕخوازی و ئاژاوەنانەوە، لەژێر ناوی جۆربەجۆر وەکوو هەناردەکردنی شۆڕش یان رزگاریی قودس یان لەم ساڵانەدا، پەرەدان بە بەرەی "مقاومت" و دروستکردنی هیلالی شیعیدا بووە.

لە راستای ئەم سیاسەتەدا بووە کە خومەینی دەیگوت شەڕ نێعمەتێکی ئیلاهییە، یان خامنەیی دەڵێ شەڕی مانەوەمان و خۆڕاگری لە سووریە و لوبنان دەکەین دەنا مەجبوور دەبین لە خووزستان و لە نێو ئێران شەڕیان لەگەڵ بکەین!

ئەم سیستمە ئیدئۆلۆژیکە بۆ داپۆشینی گەندەڵی و ناتوانی و نەزانی و خورافاتەکەی، پێویستی بە ئاژاوە بووە و ئێستەش زیاتر لە هەموو کات ئاژاوە بە شتێکی پێویست دەزانێ.

نەبوونی پێگەی نێوخۆیی، کە لە خودی قسەکانی خامنەییدا دەردەکەوێ؛ ترسێکی زۆری لای ئەم رێژیمە دروست کردووە و بەردەوام پێی وایە دوژمن درزی کردۆتە نێو خەڵک!

ئەمە و سیاسەتی فراوانخوازی و توندڕەوی بەرەو ئاژاوەگێڕی زیاتر لە ناوچە هانی داون. لەم راستایەشدا بووە کە هەرچەند لە چوارچێوەی بەرجامدا لەگەڵ ئامریکا و ئورووپا و رووسیە و چین رێککەوتن، بەڵام دەستیان لە مووشەک هەڵدان و ناردنی پاسداران بۆ دەوروبەر و تیرۆر و شەڕەنگێزی هەڵنەگرت تا ئەو جێگەیە کە ئێستا ئەگەری تێکهەڵچوونی گەوری نیزامی زەندەقی بردوون.

سیاسەتی شەڕخوازی و ئاژاوەگێڕی تاکوو ئێستا هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەم رێژیمە بووە کە لەژێر ناوی دوژمنی دەرەکیدا هەم تیرۆریست و گرووپی توندئاژۆیان لە ناوچە پەرە پێ داوە و هەم لە نێو ئێراندا سەرکوتی خەڵکیان بە ئاسوودەیی بەڕێوە بردووە.

بەڵام ئەمجارە دۆخەکە دژوارە بۆیان؛ هەرچەند پێویستیان بەوە هەیە کە هەندێک بارگرژی دروست ببێ تاکوو لە کاتی تەسلیمبووندا ئیمتیازی زۆرتر بەدەست بێنن، بەڵام ئەم بارگرژییانە لە بارگرژییەکانی پێشوو ناچێ! ئەمجارە باسی مان و نەمانە و هەڵەیەک ئیمکانی بۆمبارانی جەماران بە بۆمبهاوێژی بی ٥٢ دەرەخسێنێ! بۆیە خامنەیی لە گوڕەگوڕی جاران کەوتووە چوونکە ئاگرەکەی ماڵی خۆی دەگرێتەوە.