کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنۆس لە سویس بەرز ڕاگیرا

16:19 - 8 رەزبەر 2719

 کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەھید بوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی و ھاوڕێیانی، سێمیناریکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەر، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەھید بوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی و ھاوڕێیانی لەسەر کەسایەتی و شوێندانەریی دوکتور شەرەفکەندی  لەسەر بزاڤی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژھەڵات، سێمینارێکی پێکھێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' دەستی پێکرد و  پاشان ''ئەنوەر بەردیا'' بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس لە پەیوەندی لەگەل باس و بابەتی سێمینارەکە چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد.

پاشان ''موختار ڕاوش'' بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی حیزب لە وڵاتی سویس کورتەیەک لەسەر ژیاننامەی دوکتور شەرەفکەندی پێشکەشی ئامادە بووان کرد.

لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا "ڕەحیم محەمەدی "چالاکی سیاسی،  باسێکی پڕ ناوەڕوکی لەسەر کەسایەتی دوکتور شەرەفکەندی وشوێندانەریی ئەو ڕێبەرە مەزنە لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات و دەربازکردنی لەو قەیرانەی کە پاش شەھیدبوونی دکتوور قاسملوو و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بەسەر حیزبدا هاتبوو پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.

ھەروەھا "محەمەدی " ڕاسانی ڕۆژھەڵاتی بە خاڵێکی گرینگ و وەرچەرخانێک لە خەبات لەو سەردەمەدا کە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و کوردستانی ڕۆژھەڵاتی پێیدا تێدەپەڕێ بە ئەژمار ھێنا.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد، جیاوازیی بیر و بۆچوون و ئیختلافی سەلیقەیی نیشانەی چالاکی و زیندوویی حیزبی دێموکراتە بە مەرجێک ئوسووڵ و پڕەنسیبەکان نەبەزێندرێن و یەکتر شکاندنی پێوە دیار نەبێ

کۆتایی کۆبوونەوەکە بۆ وڵام و پرسیار تەرخان کرابوو کە کۆڕگێڕی ئەو سێمینارە جوابی پرسیاری ئامادە بووانی دایەوە.