کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ ئەندامی سپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕی سووریە کوژران

14:38 - 19 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ٧ ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕی سووریەدا کوژران و ئەوەش لە کاتێکدایه کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٧ پاسداری ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەل ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا کوژراون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ناوی سێ کەس لەو پاسدارە کوژراوانەیان بە نیزام مۆحسێنی ٤٣ ساڵە، جەمشید ئەحمەدی ٣٦ ساڵە و محەممەدزەمان عەتایی ٢٨ ساڵە ڕاگەیاندووە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، بڵاوی کردەوە کە سێ پاسداری دیکە بە ناوەکانی مەهدی سەلیمی، سەلیم سالاری و حەسەن ئەسەدوڵڵا، لە سووریه کوژراون.

هەروەها سەرەتای حەوتووی ڕابردوو ناوسالارێکی سپای تیرۆریستی پاسداران، لەگەل ٩ گۆپاڵ‏بەدەستی دیکەی ڕێژیم لە شەڕی سوریه کوژراون.

لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.