کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان کۆچی دوایی کرد

12:58 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەلکی شاری سنە، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی گەلاوێژ، کاک "محەممەد ئەمین ڕوستەمی"، ناسراو بە "شاتر حەمەئەمین"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

شاتر "حەمەئەمین" لە دایکبووی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە تێکۆشەرانی ناسراوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە، هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، وەک فەرماندەیەکی خاوەن ئەزموون کە پێشتریش بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردبوو، هاتە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا.

شەڕە حەماسییەکانی نێوشاری سنە و دەوروبەر شایەتی بۆ فیداکاریی ئەو کەسایەتییە دڵسۆزەی گەلەکەمان ئەدەن.

کاک "حەمەئەمین"، دواتریش درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی دا و لەو ساڵانەی دواییدا بەهۆی پیری و نەخۆشی ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد و لەوێش وەک تێکۆشەرێکی وەفادار بە ڕێبازەکەی، درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دایەوە. 

شاتر "حەمەئەمین" پێشتریش لە نێو حیزبی شیووعی عێراق و پارتی دێموکراتی کوردستان بۆ خزمەت بە نەتەوەکەی خەباتی کردبوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.