کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات کتێبێکی لەژێر ناوی "ژیانم وەکوو پێشمەرگەیەک" بە زمانی سوئێدی چاپ و بڵاو کردەوە

10:20 - 7 رێبەندان 2719

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "ئیبراهیم یووسفی"، لە وڵاتی سوئێد کتێبێکی بە زمانی سوئێدی لەژێر ناوی "ژیانم وەک پێشـمەرگەیەک" چاپ و بڵاو کردەوە.

"ئیبراهیم یووسفی" لەمبارەوە وتی: "ئامانجم لە نووسینی ئەو کتێبە ئەوەیە کە سەبارەت بە ڕابردووی خەباتی کورد و دوژمنکاریی دەوڵەتەکان لەگەڵ گەلی مافخوازمان زانیاری ببەخشم؛ هەروەها ئەوان لەوەی کە نەتەوەی کورد لە چ سەختییەکدا دەژین و ژیان بەسەر دەبەن، ئاگادار بکەمەوە".

ناوبراو زیادی کرد: "من بەهۆی ئەوەیکە خەڵکێکی زۆری سوئێدی دەناسم، ئەمەش بوو بە هەوێنی نووسینی ئەو کتێبەم بە زمانی سوئێدی".

ئەو نووسەرە کوردە وتیشی: "ئەم کتێبە بیوگرافیی خۆمە، بەڵام لەسەر ژیان و خەباتی پێشمەرگە باس دەکات، ئەمە بۆ تێگەیشتنی خەڵکی سوئێد لە خەباتی ئێمەیە".

"ئیبراهیم یووسفی" لەدایکبوونی ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە گوندی "تیلەکۆی" شاری سەرپێل‌ زەهاوە و لە ساڵی ١٣٦٣دا بووەتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە هێزی داڵاهووی ئەو کات سازمان دراوە. ناوبراو هەنووکە نیشتەجێی وڵاتی سوئێدە.