کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی سپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕی سووریە کوژرا

19:54 - 23 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕی سووریەدا کوژرا و ئەوەش لە کاتێکدایه کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەندامێکی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا کوژراوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ناوی ئەو پاسدارە کوژراوەیان بە مورتەزا کەریمی ڕاگەیاندووە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، بڵاوی کردەوە کە ئەو ئەندامەی سپای تیرۆریستی پاسداران، جێگری گوردانی ناسراو بە ئیمام حەسەن لە ناوچەی مۆسلێم بنی عەقیل بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٧ پاسداری دیکەی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا کوژراون.

هەروەها سەرەتای حەوتووی ڕابردووش، ناوسالارێکی سپای تیرۆریستی پاسداران، لەگەل ٩ گۆپاڵ‏بەدەستی دیکەی ڕێژیم لە شەڕی سووریه کوژراون.

لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.