کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكا و ڕووسیە لەسەر ئاگربەست لە سووریە ڕێككەوتن

20:38 - 4 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: ڕۆژی دووشەمە ڕێكەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەردوو وڵاتی ئامریكا و ڕووسیە لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە لە سووریە ڕێككەوتن و بە پێی ڕێكەوتنەكەش، ئاگربەست هەردوو گرووپی تیرۆریستی داعش و جەبهەتولنوسرە ناگرێتەوە و هەموو لایەنەكان لە لێدانی ئەو دوو گرووپە بەردەوام دەبن.

لەو پەیوەندییەدا ڕیاز حجابی سەرۆكی شاندی دانووستانكاری ئۆپۆزسیۆنی سووریە ڕایگەیاند كە، ئێمە وەكوو بەرەی شۆڕشگێڕ(ئۆپۆزسیۆن) ئەو ڕێكەوتنە كاتییە قەبوول دەكەین كە، نێوبژیوانێكی نێونەتەویی لە نێوانماندا بێت.

ناوبراو هەروەها داوای گارانتی نێونەتەویی كرد بۆ ئەوەیكە ڕووسیە و ئێران و هەموو ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەكەن، پابەند بن بە ئاگربەستەكە و هەروەها گەمارۆی سەر ئەو هەرێمانەی كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دان هەڵگیرێن و ڕێگە بدرێت كە هاوكارییە مرۆییەكان بگەن بە خەڵكی گەمارۆدراو و هاوكات گیراوەكانی نێو زیندانەكانی بەشار ئەسەد ئازاد بكرێن.

هەر لەو پەیوەندیەدا شاندی دانووستانكاری ئۆپۆزسیۆن لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستان لەگەڵ نوێتەری تەواوی پێكهاتەكانی نێو ئۆپۆزسیۆن كۆبووە و تێیدا هادی البحرە سەرۆكی پێشووی ئیتلافی نەتەوەیی ئۆپۆزسیۆنی سووریە ڕایگەیاند كە، ئاگربەستەكە گرێدراوە بە ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیە و هێزەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد.

سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی كە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بەتایبەت بەرۆكی سووریە گرتووەتەوە و هەروەها دوابەدوای ڕێکكەتونی نێوان ڕووسیە و ئامریكا لەمەڕ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریە، ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، دەفتەری سەركۆماری سووریە ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەشار ئەسەد بڕیاری دا كە هەڵبژاردنی پارلمانی سووریە لە ڕۆژی ١٣ی مانگی ئاوریل بەڕێوە بچن.