کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ دوو خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی مەهاباد بەڕێوەچوو +وێنە

22:30 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: مەرگی گوماناویی فەیناز خوسرەوانی کچە کوردی مەهابادی و سەرکوتی رێپێوانی هێمنانەی خەڵکی ئەو شارە و پشتیوانیی شارەکانی دیکەی کوردستان، لەلایەن کوردەکانی ئاڵمانەوە مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کوردانی دانیشتووی شاری برلێنی ئاڵمان، لە دوو شوێن و کاتی جیاوازدا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیوی شاری مەهاباد و داکۆکی لە خوێنی بە ناحەق رژاوی فەریناز خەسرەوانی و هێرش و تەقەی راستەوخۆی دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە ناڕازیان کە ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە و بە دەیان کەسیش راپێچی زیندانەکانی رێژیم کران، رۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، گردبوونەوەیان رێکخست و ناڕەزایەتییان لە کردەوە دژە مرۆیی‌یەکانی رێژیم ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

لە هەرکام لەو خۆپیشاندانانەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.

حاجی جوندی، کەسایەتیی سیاسی و ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان کە بەشداری هەردوو خۆپیشاندانەکە بوو، قسەی بۆ بەشداربوان کرد.

حاجی جوندی لە قسەکانیدا، بە توندی سەرکوتی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد و پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ خەڵکی قارەمان و شۆڕشگێری مەهاباد و کوردستان بە گشتی دەربری و داوای لە گەلی کورد کرد کە لەهەمبەر جینایەت و کوشتاری ئەو رێژیمە بێدەنگ نەبن و خەڵکی شۆڕشگێری شاری مەهاباد بە تەنیا نەهێڵنەوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان و ئازادکردنی دەستبەسەر کراوانی بێ تاوانی شاری مەهابادی بە ئاوات خواست.