کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چەند دەستوپێوەندییەکی کۆماری ئیسلامی لە یوونان

11:49 - 16 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز پۆلیسی یوونان چەند کەسێکی دەسبەسەر کردووە کە بە کۆکتێل مۆلۆتۆف هێرشیان کردووەتە سەر هۆتێلێک و کەنیسەیەکی یەهوودییەکان لە شاری ئاتێن.

ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە پۆلیسی دژە تێرۆریسمی یوونان دوو ئێرانیی تەمەن ٤٦ و ٣٦ ساڵانی لەگەڵ هاووڵاتیییەکی ئەفغانستانی و ژنێکی خەڵکی یوونانی لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ دەسبەسەر کردووە کە هێرشیان کردووەتە سەر هۆتێلی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە شاری ئاتێن.

ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە لە ڕووداوێکی دیکەدا ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، دوو کەسی دیکە کە خەڵکی ئەفغانستان و یوونان بوون، بە کۆکتێل مۆلۆتۆف هێرشیان کردووەتە سەر کەنیسەیەکی یەهوودیان لە ئاتێن و ئاگریان بەرداوەتە کەنیسەکە.

پۆلیسی یوونان دواتر هاووڵاتییەکی دیکەی ئێرانیی بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەم دوو کەسەدا دەسبەسەر کردووە.

لەم پێوەندییەدا مووساد ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەم دوو هەوڵە تێرۆریستییەدا بووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە لە وڵاتانی ئورووپایی هەوڵی داوە کە زیان بە هاووڵاتییان و بەتایبەت بازرگانە ئیسرائیلییەکان بگەیەنێت.

لەم چوارچێوەیەدا مووساد بە هاوکاریی پۆلیسی قێبرێس، تورکیە، یوونان و هەندێک لە ڵاتانی دیەکەی ئورووپای چەندین جار توانیویەتی ئەم هەوڵانە پووچەڵ بکاتەوە و تۆمەتباران دەسبەسەر بکات.