هەردی سەلیمی
خولی دووەمی دەنگوەرگرتنەکان بۆ سەرۆککۆماریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ، هەینی ١٥ی جۆزەردان بەڕێوە چوو، کە لەوێدا و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی ئێران نزیکەی ٪٥٠ی ئەوانەی دەیانتوانی دەنگ بدەن، دەنگیان داوە و "پزشکیان" لە کێبەرکێ لەگەڵ "جەلیلی"دا براوەی ئەم دەنگوەرگرتنانە بووە. ئەو ڤیدیۆ و وێنە و ڕاپۆرتە خەڵکییانەی دوێنێ کەوا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاو دەبوونەوە، دەرخەری درێژەی بایکۆتی حەوتووی پێشوو بوون، بەو حاڵەشەوە ڕێژیم کە دەستێکی باڵای لە بەراوەژووکردنی ڕاستییەکاندا هەیە، لەدوای قسەکانی دوێنێ بەیانیی "عەلی خامنەیی" کە وتی: "بیستوومە ڕێژەی بەشداری هەڵکشاوە" ئەم بەشدارییە کزەشیان بە ناوی بەشدارییەکی بەناو حەماسەیی دەرخواردی خەڵک دا و خۆیان لێ بەخاوەن کرد.
هەر لەو کاتەوەی سەرۆککۆماری پێشوو بە شێوەیەکی گوماناوی نەما، هەتا ئەو کاتەی وا بەناو ئابڕووی دەسەڵاتەکەی گرێ دایەوە بە ڕێژەی بەشداریی خەڵک، کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە "عەلی خامنەیی" ڕیسکێکی پڕمەترسیی کرد. ئەو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەردەوام شایەدی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازیی ئێران بووە و بە سەدان جار دروشمی مەرگ و نەمانی دژبە خۆی و دەسەڵاتەکەی بیستووە، عەوداڵی گەڕاندنەوەی ڕەوایییەک بوو کە لەمێژ بوو لەدەست چووبوو؛ ڕووهەڵماڵراوییەکەیان لەبەرچاو نەگیرێ، سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان دەستەبەر نەکرد.
بە هەرحاڵ لەم سنووقی دەنگدانە نائازاد و ناسالمەدا مەسعوودی پزشکیان هاتە دەر. مەسعوودی پزشکیان یەکێک لەو بەربژێرانە بووە کە هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراو و وردی نییە، بە دەیان جار لە دیبەیتەکانیدا ئەم بێبەرنامەیییەی دەرکەوت، بەپێچەوانەی "خاتەمی" و "ڕۆحانی" کە هەندێک بەڵێنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەدا، پزشکیان لە هەموو سات و لەسەر هەموو پرسە هەستیارەکاندا دەگەڕاوە بۆ عەلی خامنەیی و دەیکوت: "ئەو بابەتە پێوەندیی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە هەیە."
بەڵام بۆچی پزشکیان؟ هەرچەند پێشبینیی ئەم بابەتە ئاسان نەبوو و چاودێرانی سیاسیی ئێران زۆر لە ناوی سەرۆککۆماری داهاتووی کۆماری ئیسلامی دڵنیا نەبوون، بەڵام ناوکی دەسەڵاتی ڕێژیم لەدوای ئەوەی لە ئاستی نێوخۆییدا لە دوو ساڵی ڕابردوودا گەورەترین ناڕەزایەتیی بەدژیان بەڕێوە چوبوو و ئاسەوارەکانیشی هەر ماوە، پێویستیان بە گەرمکردنی هەڵبژاردن بوو، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەکەوە کەسێکیان هێنابوو کە درێژەدەری سیاسەتەکانی "ڕەییسی"ـیەک بێ کە لە کاتی دەوڵەتی ئەودا بەرینترین ناڕەزایەتیی مێژووی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا و بەدوای ئەوەدا سەرکوتێکی توند و دڕندانە – کە ئەم بەشە بۆ ترساندن بوو، لەلایەکی تریشەوە مەسعوودی پزشکیان وەک کەسێک کە سەر بە کەمینەیەکی نەتەوەیییە و کوردییش دەزانێ و خۆشی بە داکۆکیکاری مافەکانی ئەو کەمینانە ناساندبوو، بۆ ئەوەی ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئایینزایییانە بگێڕێتەوە بۆ لای پرۆسەی دەنگدان، جگە لەوە وەک ئیسڵاحخوازێک ناسێنرا.
بۆ دەرچوواندنەکەشی دەکرێ بوترێ پزشکیان کەسێک بووە کە هەرگیز دەسەڵاتێکی بەهێزی پشتەوەی پەردەی لە کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و کونترۆڵ و چاودێریکردنی لەلایەن بەیتی عەلی خامنەیییەوە ئاسانترە لەچاو کەسێکی وەک جەلیلی کە لە "جبهەی پایداری"دا خاوەنی پێگەیە. سەرەڕای ئەوەش پشتیوانیی خەڵکیشی لەگەڵ نییە و لە گەشبینانەترین حاڵەتی خۆیدا و بە وەرگرتنی ئامارەکانی ڕێژیم، ئێستا ئەو سەرۆککۆمارێکە کە تەنیا ٪٢٥ی خەڵکی ئەو وڵاتە دەنگی پێداوە و ناتوانێ خۆی بە نوێنەری ڕەهای خەڵک بزانێ. جگە لەم هۆکارانە، بێگومان یەکێک لە سەرەکیترین ئاسۆکانی ڕوانینیان بۆ سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم بووە، هەرچەند وەک هەمووان دەزانن و پزشکیانیش بە دەیان جار دانی پێدا نا، ئەم بەشە و زۆر بەشی تریش لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی خامنەییدایە، بەو حاڵەشەوە پێیان خراپ نییە دەورێکی تریش بچنەوە بەرەو وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی زلهێز لە ڕێگەی دەوڵەتێکی بەناو میانەڕەوەوە. وا وێدەچێ و دەکرێ لە ئاستی ئاماژەیەکیشدا بووبێ بڵێین چاوێکیشیان لە پرۆسەی دەنگوەرگرتنی خولی داهاتووی مەجلیس هەیە و ئەمجار بەو بیانووەی دەبێ مەجلیسێک هەڵبژێررێ کە میانەڕەو بێ بۆ ئەوەی هاوکارێکی باشتر بن بۆ سەرۆککۆمارێکی میانەڕەو، لە ئێستاوە تەنووری ئەو بەناو هەڵبژاردنەش گەرم بکەن.
هەموو ئەوانەشی کە کەمینەیەک بوون، هاتن و بە شێوەی کۆن و هەمیشەیی و سیاسەتی دێو و پەری ویستیان خەڵک فریو بدەن کە سەرکەوتوو نەبوون، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەموو پاساویان ئەوە دەبێ کە گەر جەلیلی دەنگی هێناباوە دۆخەکە زۆر لەوەی ئێستا هەیە خراپتر دەبوو! جگە لەوەش لەگەڵ مەجلیسێک کە هاوکار نەبێ ناکرێ سیاسەتەکان پیادە بکرێن! ئەمە سیکلی ئەو پرۆسەیە وا لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا بەناوی هەڵبژاردن دەرخواردی خەڵک دەدرێ و لە کۆتاییدا هیچ کەسێک لە بەرامبەر خەڵكدا وڵامدەر نەبووە و نابێ.
لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنانە و هەڵوێستی خەڵکی کوردستاندا، دەبێ بڵێین کوردستان بە کەمترین بەشداریی لە سەر ئاستی ئێران، وەک هەمیشە پەیامی خۆی ڕاشکاوانە بە تەواویەتی ئەم رێژیمە و ماهییەتە ئیدئۆلۆژیکە دژیگەلییەکەیدا. خەڵک لە کوردستان بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەندان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی رێژیم بۆ جارێکی دیکە و ئەمجارەیان یەکگرتووانە و لێبراوانەتر لە هەمیشە پەیامی سیاسیی خۆی کە "نا" وتن بە سیاسەتی سەرکوت و حاشالێکردنی رێژیم و بەردەوامبوونی شێلگیرانەی لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیەتی گەیاند، کە جێی شانازی و ئافەرین پێ وتنە.