کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەگەڕخرانی ڕەوتی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە یەکیەتیی ئورووپا

11:12 - 16 پووشپەڕ 2724

ئاڵمان بە فەرمی دۆسییەیەکی لە یەکیەتیی ئورووپا کردووەتەوە کە لەسەر بنەمای ئەو دۆسییەیە بڕیارە سپای پاسداران بە هۆی چالاکیی تیرۆریستییەوە بخرێتە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە کۆبوونەوەی شۆرای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکیەتیی ئورووپا کە لە ٢٤ی ژوئەن لە لۆکزامبۆرگ بەڕێوەچوو، هاوتاکانی لە دەسپێکردنی ئەم دۆسییەیە و داواکارییەکەی ئاگادار کردەوە.

وتەبێژی یەکیەتیی ئورووپا لە وڵامی پرسیارێکدا لەو بارەیەوە، ڕایگەیاند کە وتووێژی نێو شۆرا نێوخۆیی و نهێنییە، هەر بۆیە ناتوانرێت بە میدیایی بکرێت.

پێویستە ٢٦ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بە کۆی دەنگ لەسەر ڕێوشوێنی سزای ئەگەری ڕێک بکەون، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دەتوانرێت لە برۆکسێل ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بکرێت یان نا.

حکوومەتی ئاڵمان ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەی لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای باڵای ناوچەیی لە شاری دوسلدۆرف دامەزراندووە. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە، کەسێکی ئێرانی-ئەڵمانی بە ناوی بابەک ج. لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی ئاگرتێبەردان سزای دوو ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە مانگی خەزڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە شاری بۆخۆم هەوڵی دا کۆکتێل مۆلۆتۆف فڕێ بداتە کەنیسەیەک، بەڵام لە ترسی ناسینەوەی، فڕێی داوەتە قوتابخانەیەکی تەنیشت کەنیسەکە.

دادگا بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو، ڕایگەیاند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو هێرشەوە بوون. دەوترێ ناوبراو فەرمانی هێرشەکەی لە ڕامین یکتاپەرەست کەسێکی ئەڵمانی-ئێرانی وەرگرتووە کە لە مانگی خاکەلێوەی ڕابردوودا لە تاران لە بارودۆخێکدا کە تا ئێستا نادیارە کوژرا.

لە بڕیاری لقی سێیەمی تاوانەکانی دادگای فیدراڵی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢، ڕامین یکتاپەرست وەک ئەندامی گروپێک وەسف کراوە کە ئەرکی هەماهەنگی هێرشەکانی بۆ سەر کەنیسە و دامەزراوەکانی جوولەکەکانی دیکەی ئاڵمان لە تیمێکی عەمەلیاتی بە هاوکاریی لقی قودسی سپای پاسداران لە ئەستۆ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دۆیچە تسایتونگ، لێکۆڵینەوە و فەرمانی دادگا کە لە ئاڵمان دەرچووە، ئێستا بواری بۆ خرانی سپای پاسدارانی لە لیستی گەمارۆکان بەهۆی ئەنجامدانی عەمەلیاتی تێرۆریستی ئامادە کردووە.