کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارزانی: نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین كە خەڵكی دیكە سەربەخۆییمان پێ‏بدات

22:29 - 14 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لە پەیامێكدا، جارێكی دیكە پێداگریی لەسەر مافی سەربەخۆیی كردەوە و ڕایگەیاند كە؛ ئەگەر خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بن كە خەڵكێكی دیكە بێت و مافی سەربەخۆیی وەكوو دیاری پێشكەش بكات، هەرگیز ناتوانین بە سەربەخۆیی بگەین.

مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند كە؛ هەموو كەس ئەو ڕاستییە باش دەزانێت كە كوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی خەڵكی ڕەسەنی خۆی، بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابەش كراوە و ئەوەش وای كردووە كە زیاتر لە سەد ساڵ شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەكە بەردەوام بێت.

بارزانی لە پەیامەكەی خۆیدا بەنیسبەت ئەو كەسانەی كە دەڵێن لە پێش ڕێفراندۆمدا پێویستە زەمینەسازیی بۆ بكرێت ڕایگەیاند كە، جێگەی سەرسوڕمانە كە هەندێك لە كوردەكانی ئێمە لە باشوور، پاساو بۆ ئینكاركردن و وەدواخستنی گەلی كورد دەهێننەوە و باس لە زەمینەسازی دەكەن، لەبەر ئەوە كە بیستن و دیتنی بیر و ڕا و ئیرادەی گەلی كورد بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووس، مەلەفێكی ڕەوایە و هیچ پێویستی بە زەمینەسازیی نییە.

بارزانی هەروەها سەرەڕای ئەوی كە ئێستای وەكوو دەرفەتێكی گونجاو و لەبار بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووس لە كوردستان باس كرد، ڕایگەیاند كە؛ ڕێفڕاندۆمی ئێمە بە واتای دەمودەست ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی نیە، بەڵكوو بەو واتایە كە هەم خۆمان و هەم جیهان بیروڕای گشتیی گەلی كورد بە نیسبەت مافی چارەی خۆ نووسینەوە بزانن و دواتر لە كاتی پێویستدا، سەركردایەتی سیاسیی كورد، بڕیاری گەلەكەیان بەرنە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە.

هەر لەو پەیوەندیەدا، ڕۆژنامەی كەیهانی سەر بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە وڵاتانی ئەمریكا و بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵمان، پرۆژەی دابەشكردنی عیڕاقیان بردە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە.

ڕۆژنامەی كەیهان لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیدا دەنووسێ كە؛ گەڵاڵەی جیاكردنەوەی كوردستان لە خاكی عێراق لە ڕێگەی لێدانی خەندەقەوە، هەوڵە شاراوەكانی وڵاتانی ئەمریكا، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمانی بۆ دابەشكردنی عێراق ئاشكرا كرد.

كەیهان باس لەوە دەكات كە لەڕاستیدا، ئەو خەندەقەی كە كوردەكان خەریكن لێی دەدەن، سنووری نێوان هەرێمی ئۆتۆنۆمی و بەشەكانی دیكەی عێراق دیاری دەكات.

ڕۆژنامەی كەیهان سەرەڕای ئەوەی كە عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل وەكوو دوو پشتیوانی سەرەكیی دابەش كردنی خاكی عێراق پێناسە دەكات، دەڵێت؛ هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەكی ورد سەبارەت بە تێچووی دارایی گەڵاڵەكە لەبەردەست نیە، بەڵام وا دەردەكەوێ كە تێچووی گەڵاڵەی دابەشكردنی عێراق وەكوو زۆربەی گەڵاڵەكانی دیكە، لە لایەن ئالی سعوودەوە بدرێت، چوونكە لە ماوەكانی ڕابردوودا، پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و ڕیاز بەرەو زیدەبوون چوون و ئەوەش سەلمێنەری ڕاست بوونی گەڵاڵەی ناوبراوە.