کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بان‌کی مۆن: ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپرسیارانە کار بکات

14:43 - 13 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ڕێژیمی ئێران کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بەرپرسیارەتی کار بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتیی سووریه لە ژنێڤ، بان‌کی مۆن، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە بۆ کۆتایی هێنانی قەیرانی سووریه بە ئەنجامێک بگەن و هەروەها داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد لە نیسبەت بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرپرسیارەتی کار و کردەوە ئەنجام بدات.

ناوبراو هەروەها داوای لە ئێران کرد دوای ئەوەیکە گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ئەو وڵاتە هەڵگیراون بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر کار بکات.

لە کۆبوونەوەی ژنێڤی ٣دا کە ئەم خۆلە لە دانیشتنەکان لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، دەستی پێکردووە تا ئێستا لایەنەکان تەنانەت بەو ئەنجامە نەگەیشتوون کە لەگەڵ یەک دانیشن، ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە بان‌کی مۆن داوا لە لایەنەکان دەکات بە ئەنجامێک بگەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا، پەیەدە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی ئەو لایەنە سیاسییە کوردەی لێکەوتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانییەکانی ئەو ڕێژیمە لە بەشار ئەسەد قەیرانی سووریەی قووڵتر کردووەتەوە و تا ئێستا وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا داوایان لە ئێران کردووە کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریە و باقی وڵاتانی دیکە بێنێت.

ڕێژیمی ئێران بە فەرمی پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەدا دەکات و سپای قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی لەو وڵاتەدا شەڕ دەکات و ڕێژیمی ئێران هێزی نیزامیی خۆی بۆ سووریه ڕەوانە کردووە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه بەردەوام، ناڕەزایەتیی وڵاتانی ڕٶژئاوایی و ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و هەتا ئێشتا ژمارەیەکی بەر چاو لە هێزەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریەدا کوژراون.

مێهدی تائیب یەکیک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکانی سەرتاسەی ئێراندا ڕایگەیاند، کە سووریه پارێزگای ٣٥ـەمینی ئێرانە و ئێمەش پشتیوانی لێ دەکەین.

هەتا ئێستا٢٦٠ هەزار کەس لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریەدا کوژراون و چەند میلیۆن کەسیش ئاوارە بوونە.