کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایانی كوردپوور لەمانگی خەرماناندا دادگایی دەكرێن

17:09 - 1 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: جەلەسەی دووهەمی دادگایی كردنی برایانی كوردپوور لەمانگی خەرماناندا بەڕێوە دەچێت و خوسرەو بە تۆمەتی مفسد فی الارض داگایی دەكرێت.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی كردەوە، جەلەسەی دووهەمی دادگایی كردنی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور دوو رۆژنامەنووس و چالاكی مافی مرۆڤی كورد رێكەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٢ لەشاری مەهاباد بەڕێوە دەچێت.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو خوسرەو تۆمەتی مفسد فی الارض‌ی دراوەتە پاڵ، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە دەستبەسەر كراوە ئەو تۆمەتەی رەت كردۆتەوە.
رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٤ی گەلاوێژ برایانی كوردپوور لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دۆسیەكانیان تاوتوێ‌كرا و لەلایەن دادوەرەوە ماوەی دەستبەسەركردنەكەیان درێژ كرایەوە.
ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلایەن دزگا قەزایی و ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە تۆمەتی وەكوو، هاوكاری كردن لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و پێكهێنانی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی تەناهی نەتەوەیییان دراوەتە پاڵ.
بەپێی دوایین زانیارییەكان برایانی كوردپوور ئەو تۆمەتانەیان وەئەستۆ نەگرتووە و بە شتێكی هەڵبەستراو وەسفیان كردووە.