کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بکەرانی جەنایەتەکانی شەڕی سووریە نابەخشرێن

14:47 - 13 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بکەرانی جەنایەتە جەنگییەکانی سووریه نابەخشڕین و ئەوەش چاوپۆشی لێ ناکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرۆکی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی لە سووریه جەنایەتی جەنگیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە، نابەخشڕین و دەبێ وڵامدەری کارەکانیان بن.

زەیەد ڕەعدە ئەلحۆسێنی گوتی کە هەزاران کەس لە سووریەدا ئەسیرن و جەنایەتکارانی شەڕی سووریه نابێ لێبووردنیان لێ بکرێت.

ئەو وتەی زەیەد ڕەعدە ئەلحۆسێنی، سەرۆکی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێک دایە کە دانوستانەکانی ئاشتیی سووریه ناسروا بە ژنێڤی ٣ لەگەڵ هەڕەشە و بەجێهیشتنی ئەو کۆبوونەوەیە لە لایەن بەشدارانەوە بەرەوڕوو بووەتەوە و لایەنەکانی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە یەکتر قەبووڵ ناکەن.

ماوەی ٥ ساڵە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی سووریەدا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا قەیرانەکانی ئەو وڵاتە کۆتایی پێ نەهاتووە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەراوردی کردووە کە نزیک بە ٢٦٠ هەزار کەس لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کوژراون و نزیک بە ١١ میلیۆن خەڵکی سووریە واتا نیوەی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ‌ و سامانیان بەجێهێشتووە.

هەروەها بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سووریە و چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لانیکەم ٨٥ هەزار سووری بەشێوی سەرەڕۆیانە لە لایەن ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە زیندانەکان لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.

پێشتریش ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ڕێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ سەرەڕای ئەوەی كە ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی لە دژی مرۆڤایەتی تاوانبار كرد، خوازیاری پێداچوونەوە بە هەڵسوكەوتەكانی ئەو ڕێژیمە لە دادگای لاهە بوو.