کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبێ لەبەر چاوگرتنی منداڵانی خوارەوەی تەمەن ٦ ساڵ/ لەسەدا ١٣ی خەڵکی ئێران نەخوێندەوارن

22:52 - 18 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: نزیک بە ١٠ میلیۆن نەخوێندەواری سەرەوەی تەمەن ٦ ساڵ لە ئێراندا بوونی هەیە، کە بە بەراورد لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی ٨٥ ئەو رێژەیە کەمی نەکردووە.

بەرپرسی رێکخراوی \'\'نهضت سواد آموزی\'\'ی ئێران سەبارەت بە دوایین ئامارەکانی نەخوێندەراوی، وتوویەتی: \'\'بەگوێرەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە نێو دانیشتوانی سەرووی تەمەن ٦ ساڵدا، ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار نەخوێندەوار بوونی هەیە کە ٣ میلیۆن و ٤٥٦ هەزار و ١٨١ کەسیان لە تەمەنی نێوان ١٠ هەتا ٥٠ ساڵ دان\'\'.

وازهێنان لە خوێندن لە قۆناخی سەرەتاییدا یەکێک لەو هۆکارانەی زیاد بوونی رێژەی نەخوێندەواری لە ئێران دایە.

لە سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، ٩ میلیۆن و ٨٣٠ هەزار نەخوێندەوار بوونی هەبووە کە پاش ٥ ساڵ ئەو رێژەیە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

بە وتەی بەرپرسی ئەو ئیدارەیە، لەسەدا ٦٢ی نەخوێندەوارانی ئێران لە سەرووی تەمەنی ٥٠ ساڵی دان و لەسەدا ٢.٥یشیان تەمەنیان لە خوارەوەی ١٠ ساڵ دایە.

ئەو قوتابییانەی کەلە قۆناغی سەرەتاییدا واز لە خوێندن دەهێنن، لە ریزی نەخوێندەواران دێنە ئەژمار.

٣٤٠ هەزار نەخوێندەواری بیانیش لە ئێراندا بوونی هەیە.