کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین، بە فەرمی ڕێژیمی ئێرانی بە دامەزراندنی گرووپێکی تیرۆریستی تاوانبار کرد

14:12 - 20 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: وەزارەت دادگوستەریی بەحرەین یازدە کەسی بە فەرمی بە دامەزراندنی گرووپێکی تیرۆریستی و هەڵگرتنی نایاسایی چەک‌وچۆڵی قاچاغ لەو وڵاتەدا تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دادستانی گشتیی وڵاتی بەحرەین لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ژمارەیەک لەو کەسانەی لەو گرووپە تیرۆریستییەدا دەستبەسەر کراون لە لایەن سپای تیرۆریستی پاسداران و لقی حیزبوڵڵای لوبنان مەشقیان پێ کراوە.

هەرەوها لەو بەیانییەدا هێما بەوە کراوە کە ٤ کەس لەو تاوانبارانە ڕایان کردووە و دادستانی بەحرەینیش ڕایگەیاندووە ئەو ٤ کەسە لە پایگا نیزامییەکانی سپای پاسداران و لقی حیزبوڵڵای لوبنانەوە ڕاهێنایان پێ کراوە.

لەو پێوندییەدا، ڕێكەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بەیانییەیەکدا بڵاویان کردەوە کە گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لەو وڵاتە دەستبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا چەندین تیمی و کەسانی تیرۆریستی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی بەحرەین دەستبەسەر کراون.

بەحرەین کە بنکەی فەرماندهی پێنجەمین ناوگانی هێزی دەریایی ئامریکایە هەتا ئێستا چەندین جار ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردان لە وڵاتانی عەرەبی و نانەوەی ئاژاوە تاوانبار کرد.

دەستبەسەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیی سپای پاسداران لەو گرووپە تیرۆریستیانە، نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەی لێ‏کەوتووەتەوە و تا ئێستا چەندین جار هۆشداریان داوەتە ڕێژیمی ئێران کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا نەکات.

هێزی قودس، لقی دەروەی سنووری سپای پاسدارانی ئێران، لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق و سووریه شەڕ دەکات و تا ئێستا چەندین ئەندامی پایەبەرزی ئەو هێزە تیرۆریستییە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان‌دا کوژراون.