کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕۆژنامەی \"قانون\"، خۆیان و باب و باپیریان داعشین

21:37 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: پاسدار عەلی فەزڵی، جێگری دەزگای بەسیج لە شاری مەشهەد، بەرانبەر بە ڕۆژنامەی قانون هەڵوێستی گرت و بەرپرسانی ئەم ڕۆژنامەی بە داعشی ناوزەد کرد.

بەپێی هەواڵێک کە هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بڵاویان کردۆتەوە، ڕۆژنامەی قانون لە ژمارەی ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندانی خۆیدا، بابەتێکی لە لاپەڕەی سیاسیی خۆیدا چاپ کردووە کە تێیدا پەلاماردانی پاسدارەکان بۆ سەر سەربازە ئەمریکاییەکان لە ئاوەکانی کەنداوی بە هێرشەکانی داعش شوبهاندووە.

لەبەرامبەر چاپی ئەم بابەتەدا، عەلی فەزڵی وتوویەتی ئەم ڕۆژنامە کارێکی زۆر هەڵەی کردووە و ئەو کەسانەی کە ئەم بابەتەیان چاپ کردووە، بە خۆیان و باب و باپیرانیشیانەوە داعشین.

ڕۆژنامەی قانون کە ڕۆژنامەیەکی ناحکوومییە و زیاتر بەرەولای باندی بەناو ڕێفۆرمیستەکاندا شکاوەتەوە، لە ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ٩١دا، یەکەم ژمارەی خۆی چاپ و بلاو کردەوە و تا ئێستا ١ جار بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئازادبوونی محەممەد ڕۆئیانیانەوە داخراوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵوێستەی پاسدار فەزڵی، لە درێژەی سێناریۆی شەڕە دندووکەی باندەکانی دەسەڵاتدایە و هەوڵێکە بۆ سازکردنی فەزایەک لەمەڕ بەشداری‏پێکردنی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا.