کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەردانەکانیان بۆ پارێزگای کرماشان، بەڵێنی درۆ و بێ بنەما بە خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئەو پارێزگایە دەدەن.
ڕۆژی پێنجشەمە ۸ی سەرماوەز، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تری پلەبەرزی ڕێژیم لە تاران و پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی خۆنواندن و بە لاڕێدابردنی ڕوانگەی خەڵک بەرانبەر بە بەرپرسانی ڕێژیم، سەردانی چەند ناوچەیەکی بوومەلەرزەلێدراویی ئەو پارێزگایەیان کرد و دیسان لە پێش کامێراکانی خودی ڕێژیمەوە کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و بێ بنەمایان بە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانەیان دا.
لەو سەردانە خۆنواندنەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەو چەند شوێنە بوومەلەرزەلێدراوەی پارێزگای کرماشان، خەڵکی ئەو ناوچانە بە توندی ڕەخنەیان لە سەرجەم بەرپرسانی ڕێژیم گرت و داوایان لە کاربەدەستانی پلەبەرزی حکوومەت کرد کە ئاوڕێکی جیددی لە بارودۆخی نالەبەری ئەو پارێزگایە بدەنەوە و سەرپەنایەک بۆ لێقەوماوان درووست بکەن.
ئیسحاق جەهانگیری لە وڵامی ڕەخنەکاندا کۆمەڵێک چەواشەکاری و بەڵێنی درۆ و بێبنەمای بەرانبەر بەو خەڵکە ڕاگەیاند، وتی: "وەکوو چۆن لە ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی باشمان بۆ چارسەرکردنی کێشەکان هەڵگرتووە، ئەو دڵنیاییە بە خەڵکی ئەو ناوچانە دەدەینەوە کە کێشە و زیانەکان دەستنیشان دەکەین و بە هەموو ئەو بەربەستانەی کە لە سەر ڕێگاماندا هەیە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکان دەدەین و زیانی خانووە ڕووخاوەکانی ناوچەکەش قەرەبوو دەکەینەوە"
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی چەواشەکاریی و بەڵێنە درۆ و بێ بنەماکانی ڕایشیگەیاند: سەرەڕای هاتنی وەرزی سەرما، دەبێت بەرپرسان ئاوڕێکی جیددی لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە بدەنەوە و کەرستە و کەلوپەلە پێویستەکانیان بۆ دابین بکرێت، دەبێت کێشەی خەڵکی ئەو ناچانە بەپێی زەروورەت و دابین کردنی پێداویستییەکان، چارەسەر بکرێت.
وێڕای چەواشەکاری و بەڵێنە درۆ و بێ بنەماکانی "ئیسحاق جەهانگیری"، پاش ڕووداوی بوومەلەرزەی کارەساتباری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو و دووپات بوونەوەی ئەو ڕووداوە دڵهەژێنە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا و لێقەومانی خەڵکی پارێزگای کرماشان، تا هەنووکە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی جیددیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان هەڵنەگرتووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی بوومەلەرزەلێداروان بەرەو خراپتر دەچێت و خەڵکی ئەو ناوچانەش هێشتا لە ڕەشماڵ و کانێکسەکان ژیانیان دەبەنە سەر کە لە وەرزی سەرما و بەفر و باراندا ژیانیان دەکەوێتە سەر لافاوی قوڕاوەکان.