لە درێژەی گوشار و شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی مەهاباد و سەردەشت بەبێ فەرمانی دادوەر دەسبەسەر کردووە و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی هەنگاو و خۆڕاگری، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی «سۆهراب شەریفیان» ناسراو بە (سۆهراب کانیسپی)، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هاوکات هەر لە شاری مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی «ئەحەد ئەردەم» و «محەممەد سەرفەجوویی» لە شوێنی کارەکانیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە و لە شاری سەردەشت، ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز، باوک و کوڕێکی خەڵکی گوندی «سوێروێ»ی سەر بە شارۆچکەی ڕەبەت بە ناوەکانی «عوسمان قادری» تەمەن ٥٠ ساڵ و «بەختیار قادری» تەمەن ٢٦ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ گرتنگەی ئەو ناوندە لە شاری ورمێ گواستراونەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم پێنج هاووڵاتییە، تا ئێستا هیچکامیان پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە نەکردووە و ناوەندە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و دۆخی تەندروستییان نەداوە.