کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆزدەیەمین فۆرومی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەری کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا ڕێگری لە دەنگی کوردستان بکات

13:09 - 7 سەرماوەز 2726

لە کاتی بەڕێوەچوونی نۆزدەیەمین فۆرومی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی کەمینەکان لە شاری ژێنێڤ، نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی دا ڕێگری لە پێشکەشکردنی وتاری «کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژێنێڤ» بکات و قسەکانی پێبڕین، بەڵام سەرۆکی فۆرومەکە ڕێگەی بە تەواوکردنی وتارەکە دا و ئامادەبووانیش بە چەپڵەڕێزان پشتیوانییان لێ کرد.
لە فۆڕومی ئەمساڵدا کە سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆزینەوەی مێکانیزمە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی مافی کەمینەکان لە ئاستی کرداریدایە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژێنێڤ وەک هەمیشە چالاکانە بەشدار بوو. لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری کۆمەڵەکەدا، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتیی دەربڕی و دەستێوەردانی بۆ ڕاگرتنی وتارەکە کرد، بەڵام سەرۆکی فۆرومەکە گوێی بە ناڕەزایەتییەکەی ئێران نەدا و دەرفەتی دا کۆمەڵەکە داواکارییەکان و دەنگی گەلی کورد بگەیەنێتە نەتەوە یەکگرتووەکان. دوای تەواوبوونی وتارەکەش، بەشداربووانی فۆرومەکە بە چەپڵەی درێژخایەن پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەڕۆکی وتارەکە دەربڕی.
نۆزدەهەمین فۆرومی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کەمینەکان، کە ساڵانە لە مانگی نۆڤامبر بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ تیشکی خستووەتە سەر چۆنیەتیی کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان، دامەزراندنی مێکانیزمی نوێی پابەندکەری یاسایی و دادوەری بۆ گەیاندنی قوربانییان بە دادپەروەری، هەروەها دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو ناوچانەی کە هیچ مێکانیزمێکی هەرێمیی کارایان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ تێدا نییە.
بڕیارە لەسەر بنەمای ئەم گفتوگۆ و وتارانەی لە فۆرومەکەدا پێشکەش دەکرێن، نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک ڕاسپاردەی کرداریی ئامادە بکات و ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کەمینەکان لە ساڵی ٢٠٢٧دا پێشکەشی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکات.