کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە بیناکانی گوندێکی ناوچەی دێهلۆڕان، بەهۆی هاتنی خۆڵ نوقم بوون

23:44 - 3 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: گەمارۆی خۆڵی بیابانەکان، کەمیی ئاو و بەرق و کۆچ کردن بۆ شارەکان، کێشەگەلێکن کە بەرۆکی خەڵکی گوندی \'\'چەم هیندی\'\'ی ناوچەی دێهلوڕانی لە پارێزگای ئیلام گرتووەتەوە.

شاڵاوی خۆڵی بیانەکان لە وەرزی گەرما، ژیانی خەڵکی گوندی \'\'چەم هیندی\'\' لە پارێزگای ئیلام خستووەتە مەترسییەوە و ئەو خۆڵە زۆربەی دار و دیوار و خانووەکانی ئەو گوندەی داپۆشاندووە.

ئەو گوندە کە چەندین دامەزراوەی گەورەی نەوتیی بە باشترین ئیمکاناتی بژیوی بۆ کارمەندان، لەسەر رێگاکەی هەڵکەوتووە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەک لەلایەن دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ئەو گوندە نەچووە و هەنووکەش قەیرانی شاڵاوی خۆڵ بەرۆکی دانیشتوانی ئەو گوندە کوردنشینەی گرتووەتەوە.

خەڵکی گوندی \'\'چەم هیندی\'\' بە ٤٠ بنەماڵە حەشیمەتەوە، ١٧٠ کەس تێیدا دەژین و زۆربەی دانیشتوانی سەرقاڵی پیشەی ئاژەڵداری و وەرزێڕین.

کەمیی ئاوی شیرین بەشێکی دیکەی لە کێشە و گرفتەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکی گوندی \'\'چەم هیندی\'\'یە، بە چەشنێک کەلە رۆژێکدا ٢ کاتژمێر ئاویان هەیە، ئاوێک کە تەنانەت بە کەڵک خواردنەوە نایەت و لە هەفتەیەکدا تەنیا چەند رۆژێک دەستیان بە ئاوی شیرین رادەگات.

خەڵکی گوندی چەم هیندی هەتا ئێستا چەندین جار سەردانی لایەنە پێوەندیدارەکانیان لە شارستانی دێهلۆڕان لەمەڕ چارەسەریی کێشەکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

گوندی چەم هیندی خوێندنگەیەکی دوو پۆلیی بۆ فێرخوازانی پۆلی یەکەم هەتا پێنجەمی بنەڕەتی بە دوو مامۆستاوە هەیە، کە ئاودەس و حەوشەیەکی لەباری بۆ قوتابیان تێدا دروست نەکراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە \'\'خانە بێهداشتی\'\' ئەو گوندی لە بارودۆخێکی خراپ دایە و هێرشی خۆڵەکانی بیابان بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی لەژێر ئەو خۆڵانەدا نوقم ببێت.

سەرەڕای بەرهەمهێنانی ١٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە گوندی چەم هیندی، بارودۆخی بەرقی ئەو گوندە لەوپەڕی خرابی دایە و سەرەڕای ئەوەی کە وڵتاژێکی زۆر کەم و لاوازیان بۆ دابین کراوە، بەرپرسانی ئیدارەی بەرق چەندین جار بەڵێنیی تاوتوێ کردنی ئەو مەسەلەیان داوە، بەڵام قەت نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دانیشتوانی ئەو گوندە بە بارودۆخی باری گوزەران و ژیانیان ناڕازین و لەو بڕوایە دان کە سەرەتایی‌ترین ئیمکاناتی ژیان بێبەرین.

ئەمە لە کاتێک دایە کە رۆژ لەدوای رۆژی تەپەکانی خۆڵە بیابانییەکان لە دەوروبەر و ناوەوەی ئەو گوندەدا لە زیاد بوون دان و هەتا ئێستا هیچ کردەوەیەک لەمەڕ راگیرانی ئەو شاڵاوە خۆڵە بۆ نێو گوندەکە لەلایەن بەرپرسە پێوەندیدارەکانەوە ئەنجام نەدراوە.

بێ‌دەرەتانی و خرابتر بوونی باری ژیانی خەڵکی گوندی چەم هیندی، بۆتە هۆی ئەوە دانیشتوان بیر لە کۆچ کردن بۆ شار و باقی ناوچەکانی دیکە بکەنەوە.