کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممە وەبەر ڕەخنەی ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور کەوت

14:08 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور وێڕای مەحکوم کردنی سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان لە ئێران، هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممەیان بە دوور لە ئازادی و موهەندسی کراو ناوزەد کرد.

ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی پاڵێوراوانی ئەم هەڵبژاردنانە لەلایەن شورای نیگابانەوە ڕەدی شیاوی کراون کە ئەم مەسەلە نیشاندەری نەبوونی ئازادی خۆپاڵاوتن و زەوت کردنی ئازادی هەڵبژاردنە.

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە هەنووکە ٣٧ ڕۆژنامەوان و هەواڵنێر بە بێ هیچ پاساوێکی دادگاپەسند لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و حکومەتی تاران بەشێوەی سیستماتیک سەرقاڵی سانسۆڕکردن و هەڕەشە لە ئازادیخوازان و ڕۆژنامەوانانە، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە دەسەڵاتی ناوەندی تاران نەتەنیا دەرەتانی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنی لە تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران ئەستاندووە بەڵکوو بە خستنە ژێر ڕکێڤی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەرچەشنە دەنگێکی دژبەر و ناڕازی سەرکووت کردووە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوە، ئێران یەکێک لە ٥ زیندانی گەورەی جیهانە بۆ چالاکانی ڕاگەیاندن کە لە باری ئازادی چاپەمەنییەوە لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٧٣ی هەیە.