کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بەشداریی باڵوێزی ئێران لە ئاڵمان، دوو سمیناری سیاسی هەڵوەشانەوە

16:49 - 11 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: دوو کۆبوونەوەی سیاسی – ئابووری که بڕیار بوو به بەشداری سەفیری رێژیم له ئاڵماندا بەڕێوە بچن، هەڵوەشانەوه.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بونیادێکی ئاڵمانی به نێوی بونیادی پەرەپێدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی سمیناریکی بو سەفیری ئێران له ئاڵمان – عەلیڕەزا شێخ حەتار- ساز دابوو که قەرار بوو حەوتووی رابردوو له شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوە بچێت. بەڵام پاش ئەوەی چەندین رێکخراوی مەدەنی و کەسایەتیی ئاڵمانی دژایەتی خویان بۆ بەشداریی سەفیری رێژیم دەربڕی، ئەم سێمیناره هەڵوەشایەوه.
لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ دواتر بونیادێکی دیکەی ئاڵمانی به نێوی تێگەیشتنی نێوان گەلان بەرنامەی سمینارێکی دیکەی به بەشداری سەفیری ئێران له ئاڵمان و نزیکەی ٢٠ ئەندام پارلمانی ئاڵمانی پێکهێنابوو که ئەم سێمینارەش کەوته بەر رخنەی زۆر توندی چەندین رێکخراوی ئاڵمانی. هەر لەم پێوەندییەدا نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان پشتگیریی خوی بو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سێمیناره به فەرمی دەربڕی. له کۆتاییدا ئێوارەی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی بونیادی رێکخەری ئەو سێمیناره له نووسراوەیەکدا رایگەیاند که سمینارەکه هەڵوەشاوەتەوه.

پێشتریش چەندین بونیادی جۆراوجۆر که زیاتر له لایەن کۆنسێرنه بازرگانییەکانەوە هان دەدرێن، هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان ئاڵمان و ئێران دەدەن و دەیانهەوێت بە هەموو جورێک نوێنەرانی کۆماری ئێسلامی بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەکان بانگهێشت بکرێن یان سمیناری تایبەتیان بۆ دابنن.

ئەمه چەندەمین جاره سمیناری تایبەت بو سەفیری ئێران له ژێر گۆشاری رێکخراوە مەدەنی و کەسایەتییە ئاڵمانییەکانەوە و پشتگیری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵدەوەشێتەوه.

هەروەها بۆ یەکەمین جار بیۆگرافیی راستەقینەی سەفیری ئێران له ئاڵمان و جینایەتەکانی ناوبراو له ساڵانی هەشتای زایینی له هەردوو پارێزگای سنه و ئورمیە، له لایەن نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان بۆ رای گشتی بڵاو کرایەوه و لە رۆژنامەکانی ئەو وڵاتەدا لەسەر نووسرا.