کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارخستنەسەر بەندکراوانی بەندیخانەی سەراوان بۆ دەنگدان

11:42 - 14 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش دادستانیی شاری سەراوان گوشاری خستووەتە سەر بەندکراوانی بەندیخانەی شاری سەراوان تاکوو لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا ناچار بە دەنگدانیان بکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دادستانیی سەراوان بە هەڕەشەی ڕاگرتنی مورەخەسیی بەندکراوان و ڕێگرتن لە هاتوچۆی ئەو کەسانەی کە بە زیندانی باز سزا دراون، لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنی و ناردنی کورتەنامەوە، داوای لە هەموو ئەو بەندکراوانەی کە لە ئێستادا لە مورەخەسیدان کردووە کە ڕۆژی هەینی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە دادستانیی سەراوان هەڕەشەی کردووە کە هەر کەس لەو بەندکراوانەی کە ئاگادار کراوەتەوە ئەگەر دەنگ نەدات مورەخەسی و سزای زیندانی بازەکەی هەڵدەوەشێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ نێو بەندەکانی بەندیخانەی سەراوان.

حاڵ وەش لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا زیادی کردووە کە بە هۆی دۆخی ئێستای بەلووچستان و هەروەها گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ئەم پارێزگایە ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان لە زیاترین ئاستی خۆی لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدایە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەپێی ئامارەکان لەم پارێزگایە، تەنیا ڕێژەیەکی کەم لە خەڵک کە بەرژەوەندییەکانیان بە ڕێژیمی ئیسلامییەوە گرێ دراوە، بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.