کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان

12:51 - 14 پووشپەڕ 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی.

بەپێی زانیارییەکان لە شاری سنە، ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم پێوەندیی تلفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ ڕۆژی هەینی، ١٥ی پووشپەڕ بە مەبەستی بەشداریکردنی لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هەر لەم پێوەندییەدا، گوشاریان خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانەی کە لەژێر چاوەدێریی کۆمیتەی ئێمداددان تاکوو ڕۆژی هەینی، لە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکەی سەرۆکۆماریدا بەشداری بکەن.

گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدان و چالاکی سیاسی دوابەدوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا، واتە لە ٨ی پووشپەڕدا و لە چواردەیەمین خولی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا، خەڵک بەتایبەت لە کوردستان کەمترین ڕێژەی بەشداری لەم شانۆیەی ڕێژیمیان تۆمار کرد و جارێکی دیکە بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بایکۆتی ئەم شانۆیە، "نا"یەکی دیکەیان بە تەواویەتی ڕێژیم وتەوە.