کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی تەقینەوەیەک لە شاری جوانڕۆ دوو هاووڵاتی سووتان

17:28 - 28 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: تەقینەوەی گاز لە جوانڕۆ خەساری ماددی و مەعنەویی بە دواوە بوو و سەرەڕای رووخانی سێ خانوو، دوو هاووڵاتیش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، تەقینەوەی گاز لە گەڕەکی \'\'باوەجانی\'\'ی شاری جوانڕۆ، زیان و خەساری ماددیی بە سێ یەکەیەی نیشتەجێ بوون گەیاند.

هەروەها لەو تەقینەوەیەدا دوو هاووڵاتی بە توندی تووشی سووتان بوون و ماشینێکیش لەنێو ئاگری ئەو تەقینەوەیەدا سووتاوە.

لەو پێوەندییەدا دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی تەقینەوەی کەپسولی گاز لە شەقامی تاڵەقانیی شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کورد بە توندی بریندار بوو، کە بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

ئەو رووداوە لە دووکانی زێڕینگەریدا هاتووەتە ئاراوە و خاوەنی دووکانەکە بەهۆی قووڵیی برین و سووتانی دەست و دەموچاوی، رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کرابوو.

هەروەها شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بەهۆی تەقینەوەی گاز لە گوندی \'\'دزە\'\'ی \'\'مەرگەوەڕ\'\'ی سەربە پارێزگای ئورمیە، بەشیک لە بینای هاووڵاتییەک لەنێو ئاگردا سووتا.

بەپێی ئامارەکان، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ٦٨ کەس بەهۆی سووتانەوە لە پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.