کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گاز گرتوویی و سووتان، ١٦ کەس لەپارێزگای سنە گیانیان لە دەست داوە

23:22 - 20 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٦ هاووڵاتیی کورد بەهۆی گازگرتوویی و سووتانەوە لە پارێزگای سنە گیانیان لەدەست داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٩ کەس بەهۆی گازگرتووی بە \'\'گازی مۆنۆ ئوکسیدی کەربۆن\'\' گیانیان لە دەست داوە.
لەو ٩ هاووڵاتییەدا، حەوتیان پیاو و ٢ کەسی دایکەشیان ژن بوون و رێژەی گاز گرتوویی لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەتاویدا لە پارێزگای سنە لەبەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٥٠ زیادی کردووە.
ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ١٠ کەس (٩ پیاو و یەک ژن) لە پارێزگای سنە بەهۆی گاز گرتوویی گیانیان لە دەست داوە کە ئەو رێژەیە لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا بۆ ٢٧ کەس (٢١ پیاو و ٦ ژن) زیادی کردووە.

هاوکات لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەتاوی (١٣٩٢) ٧ کەس (پیاوێک و ٦ ژن) بەهۆی سووتان، لە پارێزگای سنە گیانیان لە دەست داوە کە ئەو ئامارە لە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو (سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی) لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە.
هەروەها ناوەندی پزیشکی یاسایی رێژیمی ئێران لە دوو پارێزگای کرماشان و ئورمیە بڵاوی کردووەتە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٣ کەس بەهۆی گازگرتووی و سووتان لەو دوو پارێزگایە، گیانیان لەدەست داوە.