کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی پیشانگایەکی نیگارکێشی منداڵانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە

17:25 - 26 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ناوەندی نێرگزی منداڵانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیشانگایەکی نیگارکێشی لە سەنتەری گەنجانی کۆیە بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندی نێرگز لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا رۆژانی سێ‌شەممە هەتا پێنج‌شەممە، رێکەوتی ٢٥ هەتا ٢٧ خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، پیشانگایەکی نیگارکێشیی منداڵانی هەر سێ ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەنتەری گەنجانی کۆیە لەژێر ناوی چرۆکانی شۆڕش دژ بە ئەنفال بەڕێوە برد.

سەرەتای کرانەوەی ئەم پیشانگایە بە هەڵکردنی چوار مۆم بە یادی شەهیدانی چوارپارچەی کوردستان لەلایەن چوار منداڵی ناوەندی نێرگزەوە دەستی پێکرد.

لەم پیشانگایەدا ٣٥٠ نەقاشیی منداڵانی ناوەندی نێرگز بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕووی خوازیارندا کراوەتەوە.

لە بەشێکی ئەم پیشانگایەدا کە بە سەرپەرستیی شۆڕش زەندی، بەرپرسی ناوەندی نێرگز و فەریدە زارعی هاوکاری ئەو ناوەندە بەڕێوەچوو، بە پیشاندانی چەند نموونەیەک لە جەنایەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند وێنەیەکدا نمایش کرابوون.

مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو پیشانگایە دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە (ئەنفال) و بۆ بنەماڵەی شەهیدان و نیشاندانی ئاستی توانایی منداڵانی شۆڕش و دەرخستنی چۆنیەتی پەروەردەبوونیانە.

لەم پیشانگایەدا نوێنەری چەندین حیزب و رێکخراو لە شاری کۆیە بەشدار بوون:

ــ نوێنەری مەکۆی کۆیەی بزووتنەوەی گۆڕان
ــ نوێنەری کۆمیتەی یەکی رێکخستنی کۆیە، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ــ نوێنەری مەڵبەندی ١٤ی رێکخستنی کۆیە، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ــ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵان کۆیە
ــ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هونەری ناوەندی کۆیە
ــ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، ناوچەی کۆیە
ــ ژمارەیەک لە منداڵانی ناوەندی نێرگز و ژمارەیەک لە بنەماڵە و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ خوێندکارانی زانکۆی کۆیە و چەندین خوێندنگای شاری کۆیە

گادەر. د