کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە شاری ئورمیە رووی لە زیادبوون کردووە

23:46 - 10 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ماددەی هۆشبەری مۆرفینی لە شێوازی جۆراوجۆردا لە ئاستی شاری ئورمیە بەبێ هیچ چەشنە پێشگیرییەک، بازرگانیی پێ دەکرێت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ماددەی هۆشبەر لە ئاستی شاری ئورمیەدا لە شێوازی حەب و شەربەت‌گەلێکی وەکوو ترامادۆڵ، لۆرازپام و ماددەی مۆرفین‌دار بوونی هەیە کە بەبێ چاودێریی لەلایەن فرۆشگاکانی دەرمانە سروشتی و نەریتییەکان و تەنانەت دەرمانخانە مۆڵەتدارەکانیش بەبێ هیچ هێمایەکی ئاگادارکەرەوە، یان رێنوێنییەکی پزیشکی بە فرۆش دەگەیەنرێت.
بەپێی راپۆرتەکان، بەکارهێنانی ئەم چەشنە ماددەگەلە مەترسیدارە، هەتا رادەیەک زیادی کردووە کە تەنانەت ئەو کەسانەش هەتا ئێستا هیچ پێشینەیەکیان لە بەکارهێنانی نەبووە، روویان تێ کردووە کە زۆربەیان ئەو کەسانەن کە تووشی نەخۆشی‌گەلێکی دەرونی و جینسی دەبن.
هەرزان‌بوون و فرۆشی ماددەی هۆشبەر لە شوێنە گشتییەکان و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی دەوا و دەرمان، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی بەکارهێنەران لە پارێزگای ئورمیە دایە.
هاووڵاتییان لەو بڕوایە دان کە هێزە ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە فرۆش و سەودای ماددە هۆشبەرەکان دەستیان هەیە و ئەو ناوەندە نیزامییەکان لە تووشکردنی زیاتری خەڵک و بە فرۆش گەیاندنی ئەو ماددانە هیچ چەشنە بەربەستێکیان نییە.
بەکارهێنانی لە رادەبەدەری قلیان ئاوی یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییانی ئورمیەیی‌ و بەتایبەت توێژی لاوانە کە بەگوێرەی راپۆرتەکانی کوردستان میدیا، دووکانەکانی تایبەت بە قلیان بە بێ هیچ بەربەست و مۆڵەتێک لە ئاستی شاری ئورمیەدا چالاکی دەکەن.
لەو پێوەندییەدا ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەرخەری ئەون کەلە ئێراندا زیاتر لە یەک میلیۆن و ٣٥٠ هەزار تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بوونی هەیە.
هەندێ لە ئامارە نافەرمییەکانیش باس لە تووشبوونی ٩٠٠ هەزار هاووڵاتی لە ئێران بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.