کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادکردنی گوشارەکان دژی زەینەب جەلالیان

11:18 - 14 پووشپەڕ 2724

زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بە هۆی ئازاری زۆرەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کرا و بەبێ سەردانكردنی پزیشکی پسپۆڕ گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ناوبراو ماوەیەکی زۆرە بە ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ ڕێوشوێنێكیان بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان و سەردانکردن پزیشکێکی پسپۆڕ نەگرتووەتەبەر و بەم کارە هەوڵی ئەشکەنجەدانی دەدەن.

لە مانگی جۆزەرداندا تیمێکی لێکۆڵینەوە و بەرپرسانی ئیتلاعات بە نۆرە لە نووسینگەی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد لەگەڵ زەینەب جەلالیان کۆبوونەوە و داوایان لێکرد بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە پزیشکییەکانی تەوبەنامە بنووسێت.

ناوبراو وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە، چارەسەر و پارێزبەندی بۆ ڕێکارە پزیشکییەکانی بە مافی ڕەوای خۆی زانیوە.

زەینەب جەلالیان، لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری ماکۆ لەدایک بووە و لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٦هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە و ئازار، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

لە ساڵی ١٣٨٨دا، دیوانی باڵای ڕێژیم حوکمی ئیعدامەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام پاش بەدواداچوونی زۆر و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی پارێزەی ناوبراو و چالاکانی مافی مرۆڤ، لە خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاویدا، حوکمی ئیعدامەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.