کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو پێشکەشی پارلەمانی سویس کرا

11:12 - 14 پووشپەڕ 2724

ڕێکخراوی ئاشتی داواکاریی خۆی بۆ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملووی بە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٣ هەزار واژۆ، پێشکەشی پارلەمانی سویس کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ(٢ی جولای ٢٠٢٤)،  پاش هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی ڕێکخراوی ئاشتی و چەند کەس لە دڵسۆزان و ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملوو، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەتێرۆرناساندنی دۆسییەی دوکتور قاسملوو بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات و پێشکەشی سکرتاریای پارلەمانی سویس کرا.

لەم هەڵمەتەدا ٣ هەزار و ٥٠٨ واژۆ بۆ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ کرایەوە.

بەڕێزان میدیا پیرۆتی و ڕامیار خادمی بە مەبەستی ڕادەستکردنی داواکارییەکە لە پارلەمانی سویس ئامادە بوون کە لەلایەن فابیان مۆلینا پارلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی دەرەوەی سویس پێشوازییان لێ کرا.

لەو چاوپێکەوتنەدا بە وردی باس لەسەر گرینگیی ئەو داواکارییە کرا.

بەڕیز مۆلینا ئەو هەوڵەی ڕێکخراوی ئاشتیی بە هەنگاوێکی پڕبایەخ و بەهێز وەسف کرد کە دەسکەوتی باش و کاریگەری بۆ پێشبینی دەکرێ و دەبێتە خاڵی دەسپێک بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە و کرانەوەی زۆر دەرگای تازە لە وڵاتانی سویس و ئۆتریش بە ڕووی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ڕێکخراوی ئاشتی لەم پێوەندییەدا وێڕای دەستخۆشی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و ئەو کەسانەی کە لەم هەوڵەدا هاوکار و یارمەتیدەر بوون، سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە ئەو داواکارییەیان واژۆ کرد و بەدەم داواکارییەکەیانەوە چوون.