کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی یەکێکی دیکە لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی ڕۆژاوا

11:21 - 14 پووشپەڕ 2724

بەشیر بی‌ئازار یەکێک لە بەڕێوبەرانی پێشووی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی پاش دەسبەسەرکرانی، لە وڵاتی فەرانسە دەر کرا و چوویەوە تاران.

بەشیر بی‌ئازار بەڕێوبەری پێشووی نووسینگەی مووسیقی و سروودی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردان لە شارێکی فەرانسە دەسبەسەر کرابوو و تا کاتی حوکمی دەرکردنەکەی لەو وڵاتە لە گرتنگەی ئیداریدا بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری پۆلیسی پاریس بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە بەشیر بی‌ئازار سیخوڕی کۆماری ئیسلامی و پێوەندیدار لەگەڵ لقی قودسی سپای پاسداران بووە.

بەپێی زانیارییە فەرانسییەکان ناوبراو لەگەڵ یەکەی ٨٤٠ی لقی قودس لە پێوەندیدا بووە.

یەکەی ٨٤٠ هەوڵە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بەتایبەتی بەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم ئەنجام ئەدات.

هەروەها بی ئازار لە ماوەی ڕابردوودا بە دژی فەرانسە قسەی کردووە و بە شێوازگەلی توندڕۆیانە پشتیوانیی لە حەماس کردووە کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییەوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی پێناسە کراوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسبەسەرکرانی بی‌ئازاردا هەوڵیان دابوو تاکوو ناوبراو وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی نیشان بدەن بەڵام نوێنەری وەزارەتی فەرانسە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە بەشیر بی‌ئازار سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بووە.